دواین هەواڵ

لە تەلئەبیبەوە بۆ جدە

‌هۆشیار سیوەیلی

13/07/2022

سەردانەکەی سەرۆک بایدن بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەمڕۆ دەست پێدەکات و دوو رۆژ دەخایێنێت. دەچێتە ئیسرائیل و سەردانی فەلەستین دەکات و، یەکەم سەرۆکی ئەمەریکیش دەبێت لە تەلئەبیبەوە راستەوخۆ بچێتە سعودیە و لە جدە دەنیشێتەوە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سعودیە و بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو (GCC+3)، کە جگە لە سعودیە، ئیمارات، کوێت، بەحرێن، قەتەر و عومان، هەروەها میسر، ئوردن و عێراقیش تێیدا بەشدار دەبن. 

ئەم سەردانەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ناوچەکە لێکدانەوەی زۆری بۆ کراوە و تەنانەت سەردانی بۆ سعودیە پرسیاری زۆری دروستکردووە، چونکە بایدن وادەرکەوت کە لەسەر جەنگی یەمەن و کوشتنی جەمال خاشوقچی ناکۆکی گەورەی لەگەڵ کاربەدەستانی سعودیە بەگشتی و میر محەممەد بن سەلمان هەبێت. ئەمەش سەرۆک بایدنی ناچارکرد لە رێگەی نووسینی وتارێک لە (واشینتۆن پۆست)دا بەرگری لە گەشتەکەی بۆ سعودیە بکات.

ئەوەی کە دەکرێ لە دووتوێی سەردانەکەیدا بۆ ئیسرائیل، فەلەستین و سعودیە بخوێنرێتەوە ئەوەیە کە بەرژەوەندی ئەمەریکا وادەخوازێت ئەو سەردانە ئەنجامبدرێت، بەتایبەتی لەکاتێکدا کە نرخی وزە لە جیهاندا بەهۆی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرایناوە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و ئەمەش نرخی بەنزین و گازوایل و غازی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بە رادەیەکی زۆر بەرزکردووەتەوە و هەڵاوسانیش زیادیکردووە، لەکاتێکدا ئەمەریکا بەرەو هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و سەنات و پارێزگاری بەشێک لە ویلایەتەکان دەچێت کە لە ٨ی تشرینی دووەم دا ئەنجامدەدرێن. 

هەرچەندە عێراق راستەوخۆ بەشێک نییە لە ئەجێندای سەردانەکە و، دۆخی ئێستای عێراق و نەبوونی حکومەتێکی خاوەن دەسەڵاتی لەبار و شیاوی نین بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی جدی، بەڵام ناڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر عێراقیش دەبێت، بە تایبەتی زیادکردنی بڕی هەناردەکردنی نەوتی سعودیە کە رەنگە ببێتە هۆی دابەزینی نرخی نەوت و زەمینەسازی بۆ نزیکبوونەوەی سعودیەو ئیسرائیل و، بەهێزکردنی بەرەی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران.    

بەشێک لە ئەجێندای سەردانی سەرۆک بایدن بۆ ناوچەکە و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی ئیسرائیل، فەلەستین و سعودیە لە خاڵانەدا کورت دەکەینەوە: 

• جەنگی رووسیا و ئۆکراینا نرخی وزەی بەرزکردووەتەوە، چونکە بڕێکی کەمتر وزە لە رووسیاوە دەگاتە بازاڕەکانی جیهان. سەرۆک بایدن لەم سەردانەیدا هەوڵدەدات سەرکردەکانی سعودیە رازی بکات تاوەکو بڕێکی زیاتر نەوت بخەنە بازاڕەوە.

• بەپێی وتارێکی (زە تایمز ئۆف ئیسرائیل) لەو سەردانەدا سەرۆک بایدن هەوڵدەدات زەمینەسازی بۆ نزیکبوونەوەی سعودیە و ئیسرائیل بکات لە چوارچێوەی پەیمانی ئیبراهیم (ئەبرەهام)ی نێوان ئیسرائیل و عەرەبەکان. رەنگە هەر لەم سەردانەدا گواستنەوەی خاوەندارێتی دوو دوورگەی ناو دەریای سوور لە میسرەوە بۆ سعودیە وەک رێخۆشکردن بۆ دامەزراندنی پەیوەندی نێوان سعودیە و ئیسرائیل رابگەیێنرێت و سعودیە رەزامەندی دەرببڕێت لەسەر بەکارهێنانی ئاسمانی وڵاتەکەی لەلایەن فرۆکەوانی ئیسرائیل و گەشتی راستەوخۆی ئاسمانی بکرێتەوە لە ئیسرائیلەوە بۆ سعودیە بۆ گواستنەوەی موسڵمانانی ئیسرائیل بۆ ئەنجامدانی حەج.

• بێگومان مەسەلەی ئێران و بەهێزکردنی بەرەی دژی کۆماری ئیسلامی بەتایبەتی دوای ئەوەی کە ئیدارەی بایدن لەهەوڵەکانیدا سەرنەکەوت بۆ  گێڕانەوەی ئێران بۆ رێککەوتنامەی ئەتۆمی. پێکهێنانی ناتۆی عەرەبی و سوود وەرگرتن لە توانا سەبازییەکانی ئیسرائیل بۆ رووبەڕوبوونەوەی ئێران تەنانەت لەلایەن خودی ئێرانیشەوە ئاماژەی پێدراوە.

• یەمەن و کۆتاییهێنان بە جەنگی یەمەن یەکێک بووە لە کارە لەپێشینەکانی سیاسەتی ئیدارەی بایدن لە رۆژهەلاتی نێوەڕاست و توانییان ئاگربەست بچەسپێنن و ئێستاش هەوڵدەدەن چارەسەرێکی کۆتایی بۆ ئەو جەنگە بدۆزنەوە.

• لە هەمانکاتدا سەرۆکی ئەمەریکی گێڕانەوەی هاوکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ دەسەڵاتی فەلەستین رادەگەیێنێت و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ فەلەستین دەکاتەوە. ئەمەش پیگەی سەرۆک مەحموود عەباس و دەسەڵاتی فەلەستینی بە‌هێزتر دەکات بەرامبەر ئێران و حەماس. 

• هەڵبەتە بەهێزکردنی پەیوەندی ئابووری و رەنگە فرۆشتنی چەکی زیاتر بە سعودیە و پشتگیری ئەمریکا بۆ دیدی ٢٠٣٠ ی میر محەممەد بن سەلمان بۆ پێشخستن و پەرەپێدانی سعودیە، بابەتی دیکەی گفتوگۆکان بن بەتایبەتی سەرۆک بایدن ئامادەی کۆڕبەندێکی ئابووری دەبێت لە ئیسرائیل کە ئیمارات و هەندێک وڵاتی دیکەی عەرەبی و ئیسرائیل ئامادەی دەبن.

وەک ئاماژەمان پێدا چاوەڕێدەکرێت کە سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی کەنداو کە رۆژی هەینییە بەشداربێت، بەڵام لە هەمان رۆژدا خۆپیشاندانی ملیۆنی لەلایەن لایەنگرانی سەدرەوە لە بەغدا ئەنجامدەدرێت و ئەگەری دروستبوونی ئاژاوە و گرژی هەیە. روون نییە تاوەکو چ رادەیەک ئەم دۆخە کاریگەری بۆ سەر بەشداری سەرۆک وەزیرانی عێراق دەبێت. 


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP