ماوەیەكە لە ناو سۆشیال میدیا و هەندیك ناوەندی ناسراوی میدیاییش دەنگۆی ئەوە بڵاوە كە ویلایەتە یەكگرتوەكان بە هێزێكی زۆرەوە گەڕاوەتەوە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و عێراق و سوریا بە تایبەتی. تەنانەت لە كەناڵێكی میدیایی ناسراویش گوێم لێبوو كەسێكی بەناو شیكار و توێژەر دەیوت هێنانی ئەم هێزە ئاماژەی شەڕێكی گەورەیە! تەنانەت كابرایەكی وەك فائق شێخ عەلی دەیوت ژمارەی ئەو هێزانە گەشتۆتە ٣٠٠ هەزار كەس زیاترە لەو ژمارەیەی بۆ داگیركردنی عێراق هێنابووی.
هەندێكیش وایان لێكدایەوە مەبەست و ئامانجی سەرەكی لێدانی حەشدی شەعبییە و هێزێكی زۆر لە فرۆكەخانە و ناوچەی سەوزی بەغدا دابەزیوە و ئەمجارە ئەمەریكا ئەو دەموچاوانەی بەغدا دەگۆڕێت و چەندین هاشوهوشی تری لەم بابەتە.
بەر لە هەموو شتێك ئەوەی ئەو وڵاتە كردویەتی لە ماوەی یەك دوو مانگی ڕابوردودا بەشێكە لەو موناوەرە سەربازی و جێگۆڕكێ سەربازییەی پێشتریش چەند جارێك بینراوە و هەندێك جاریش وەك تەگبیرێكی تاكتیكی كەشتی فڕۆكە هەڵگر و ژمارەی هێزی زیاتری هێناوەتە كەنداوی عەرەبی/فارسی و شوێنی تر بە تایبەتی وەك چاوسوركردنەوەیەك لە ئێران. ئەمجارەش باس لەوە دەكرێت كە ئەمەریكا ٣ هەزار سەربازی تری هێناوە دوای ئەوەی ئێران هەڕەشەی دەستبەسەرداگرتنی چەند كەشتییەكی كرد. ئەوەشی لە عێراق و سنوری عێراق و سوریا بینراوە بریتیە لە گۆڕینی هێزەكانی ئەمەریكا لە سوریا و عێراق و پێشتریش ساڵی چەند جارێك ئەم هێز گۆڕینە ڕویداوە.
ویلایەتە یەكگرتوەكان نە نیازی جەنگێكی تری هەیە و نە دەشتوانێت لە حەشدی شەعبی بدات چونكە ئەزموونی جەنگی ئازادكردنی عێراق و ئەفغانستان ئەزمونێكی تاڵە و مەگەر ڕاستەوخۆ ئاسایشی ئەمەریكا بكەوێتە مەترسییەوە ئەگینا تا داهاتویەكی زۆر دووریش بیر لەجەنگ و داگیركردنی هیچ وڵاتێك ناكاتەوە. دەربارەی عێراقیش، ئەمەریكا پابەندە ڕێكەوتنی نێوان عیراق و ئەمەریكا و مانەوەی هێزەكانیان هەر لە كۆتایی ساڵی ٢٠٢١ ەوە تەنیا بۆ مەشق و ڕاهێنانە و هیچ ڕۆڵێكی هێرشبردن ناگێڕن. خۆ ئەگەر دۆخەكە جوڵانەوە یان چالاكییەكی سەربازی خواست ئەوا ڕەزامەندی لە حكومەتی عێراق وەردەگرن. ئەمە بێگومان لە سوریا جیاوازە و ئەمەریكا لەو وڵاتەدا لە جەنگدایە لەگەڵ داعش و بۆ ئەمەش زیاتر هاوكاری هێزەكانی سوریای دیموكرات دەكات. ڕەنگە بتوانێت لە هێزەكانی حەشد بدات لەو وڵاتەدا نەك لە ناو عێراقدا.
دەبێت ئەوەش بزانین بڕیاردان لە جەنگ و ئەنجامدانی سەركێشی سەربازی لەو وڵاتە هەروا ئاسان نییە و كۆنگرێس لەو بارەیەوە ڕۆڵی گەورە دەگێڕێ. لە دۆخێكی وەك ئێستادا ئەمەریكا سەقاڵی جەنگی نێوان روسیا و ئۆكرانیایە و دەیەوێت وزە و توانای سەربازی و دارایی خۆی و هاوپەیمانەكانی لەو بوارەدا بخاتە گەڕ.
لە بیریشمان نەچێت لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییە لە ئەمەریكا و لە كاتێكی وادا ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەو چەشنەی باسدەكرێت موجازەفەیەكی سیاسییە و ئەنجامدانی هەروا ئاسان نییە. بەشێوەیەكی تەقلیدیش دیموكراتەكان كە ئێستا لەسەر حوكمن زۆر لایەنگری جەنگ نین.