دواین هەواڵ

ترەمپ و میدیا: گۆڕینی شاشەکان بۆ مەیدانی جەنگ

‌ ئیسماعیل حاجی زەڵمی

17 کاتژمێر پێش ئێستا

بۆ ترەمپ، جەنگ  تەنیا بردنەوەی زەوی و نە بردنەوەی گرەوەکان نیە، بەڵکو بردنەوەی وێنەی سەر شاشەکانە، ئەو هەوڵ دەدات هەموو کشانەوەیەک وەک پلانێکی زیرەکانە و هەموو هێرشێک وەک سەرکەوتنێکی مێژوویی نیشان بدات. ئەو میدیا دەکاتە ئامرازێک بۆ ئەوەی بڵێ؛ ئەمریکا جارێکی تر خەریکە دەیباتەوە.  دۆناڵد ترەمپ توانی شێوازی کلاسیکی گەیاندنی زانیاری لە کاتی جەنگدا بگۆڕی بۆ جۆرێک لە شۆوی سیاسی-سەربازی. ئەو تێگەیشتووە کە لە سەردەمی دیجیتاڵیدا، ئەو لایەنەی شاشەکان کۆنتڕۆڵ دەکات، نیوەی جەنگەکەی بردووەتەوە، تەنانەت ئەگەر لەسەر زەویش ڕاستییەکان جیاوازبن. 
 
دۆناڵد ترەمپ، وەک سەرۆکێکی جیاواز لە مێژووی ئەمریکا، چەمکی پەیوەندییە گشتییەکانی گۆڕی بۆ شەڕی زانیاری، ئەو کاتەی باس لە جەنگ یان ململانێی چەکداری دێتە ئاراوە، ترەمپ تەنیا پشت بە ژووری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان نابەستێت، بەڵکو میدیا وەک یەکەیەکی هێرشبەر بەکاردەهێنێت. هەر بۆیە بەسەرنجدان لە مامەڵەی ترەمپ لەگەڵ میدیادا چەند ڕاستیمان بۆ ڕوندەبێتەوە لەوانە:
 
یەکەم:  شکاندنی قۆرخکاری زانیاری (بەکارهێنانی پلاتفۆرمە ڕاستەوخۆکان) 
یەکێک لە دیارترین تەکتیکەکانی ترەمپ لە کاتی قەیرانە نێودەوڵەتییەکاندا، پشتگوێخستنی میدیا تەقلیدییەکانە. ئەو لەبری ئەوەی چاوەڕێی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکان بکات، پلاتفۆرمە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردێنێت بۆ دیاریکردنی گێڕانەوە،  پێش ئەوەی شیکەرەوەکان دەست بکەن بە لێکدانەوە، ئەو کورتەنامەیەکی خێرا بڵاودەکاتەوە و ئاراستەی بیرکردنەوەی گشتی دیاری دەکات

 دووەم: پەیوەندی ڕاستەوخۆ
 دروستکردنی هەستێک لای جەماوەر کە ئەوان زانیارییەکان "بە خاوی و بێ فلتەر لە خودی فەرماندەی گشتییەوە وەردەگرن.
 
سێ یەم: جەنگی دەروونی و ناڕونی پەیامی میدیایی
 ترەمپ تێگەیشتنێکی قووڵی بۆ هێزی وشە هەیە لە تێکدانی ورەی بەرامبەردا، بەتایبەت لە کاتی گرژییەکاندا وەک ئەوەی لەگەڵ کۆریای باکوور یان ئێستای ئێران دەبینرێت.

 چوارەم: زمانێکی توند و ڕاشکاو
 بەکارهێنانی دەستەواژەی هەڕەشەئامێز کە میدیاکان ناچار دەکات بەردەوام باسی بکەن، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێ لە ناو دڵی نەیارەکانیدا دەچێنێت
 
پێنجەم: نادیاریی ستراتیژی
 زۆرکات لێدوانی دژبەیەک دەدات؛ جارێک باس لە ئاشتی دەکات و جارێک باس لە وێرانکاری. ئەم تەمومژە لەپەیامی میدیایی وا دەکات دوژمن نەتوانێت هەنگاوی داهاتووی بخوێنێتەوە.
 
شەشەم: بەکارهێنانی میدیا وەک قەڵغانێکی ناوخۆیی لە کاتی جەنگدا، ترەمپ میدیا بەکاردێنێت بۆ پاراستنی پێگەی خۆی لە ناوخۆدا لە ڕێگەی بەلاڕێدا بردنی سەرنج، ئەگەر لە بەرەی جەنگدا کێشەیەک هەبێت، ئەو هێرش دەکاتە سەر دەزگاکانی ڕاگەیاندن و بە نەگریس یان درۆزن ناویاندەبات، تاوەکو گومان لە ڕاستی هەواڵە نەرێنییەکان دروستبکات.
 
حەوتەم: نەتەوەییگەرایی میدیایی
 بەکارهێنانی وێنە و ڤیدیۆی کاریگەر لە سوپا بۆ بەرزکردنەوەی هەستی نیشتمانپەروەری، کە ئەمەش فشارە سیاسییەکان لە سەر خۆی کەم دەکاتەوە.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP