دواین هەواڵ

سەبارەت بە شکستەکەی ئۆربان

‌رەنج نەوزاد

6 کاتژمێر پێش ئێستا

شکستەکەی ئۆربان، سەرۆک وەزيرانی پێشووی هەنگاريا، لە هەڵبژاردنەکانی دوێنێ، بووەتە بابەتێکی جيهانی و قسە و باسی زۆر لەسەر دەکرێت، تەنانەت لە ميديای کورديش سەرنجی خرایە سەر. ئەم گرنگيدانە بۆ چەند فاکتەرێک دەگەڕێتەوە: ئۆربان ماوەیەکی زۆر لە دەسەڵات بوو، وەک نوێنەر و ڕابەری ڕاستڕەوی ئەوروپا تەماشا دەکرا، پرۆ ڕووسيايە، پەيوەندييەکی زۆر باشی لەگەل تڕەمپ هەیە، کێشەی لەگەل یەکێتی ئەوروپا هەبوو و، چەندين فاکتەری تر. بەشێکی زۆری خوێندنەوەکان بۆ شکستی ئۆربان ورد و زانستی نين، چونکە زیاتر تێڕوانينێکی دەرەکييە بۆ ڕووداوەکە و فاکتەرە ناوخۆییەکان کەمتر بایەخی پێدەدرێت، لە کاتێکدا فاکتەری سەرەکين.

هەروەها لە ڕەهەندی تڕەمپ-ەوە تەماشا دەکرێت، ئەوانەی دژی تڕەمپ-ن، ئەو ڕەهەندە زاڵ دەکەن. بۆ تێگەيشتن لەم ڕووداوانە توێژينەوەی زانستی و ڕاپرسييەکان هاوکارن، نەک ميديا و شيکردنەوەی ئايدۆلۆژی و سياسی لە چوارچێوەی ململانێی حيزبی. لێرەدا ئاماژە بە چەند خاڵێکی گشتی دەکەم:

١. وەسفکردنی ئۆربان بە ترەمپيزم، لە ڕووی واقعيەوە دەقيق نييە. مودێلی ئۆربان کۆنترە لە تڕەمپ، ئەو سياسييەکی کۆن و پيشەگەر و خاوەن ئەزموونێکی زۆرە. لە ١٩٨٩ یەکێک بووە لە چالاکوان و نەيارە ديارەکانی هەنگاريا دژ بە سۆڤيەت، لە ١٩٩٣ەوە دەبێتە ئەندام پەرلەمان. واتە زۆربەی ژیانی لە سياسەتدا بەسەر بردووە و پلە بە پلە رۆيشتووە تا بووە بە سەرۆک وەزيران، نەک وەک تڕەمپ لە جيهانی بازرگانييەوە بۆ سەرۆکایەتی. کاتێک ئۆربان دەبێتە سەرۆک وەزيران، تڕەمپ جارێ نەهاتووەتە ناو جيهانی سياسەت. دوو سەردەم سەرۆک وەزيرانی هەنگاريا بووە، یەکەمجار لە نێوان ١٩٩٨ بۆ ٢٠٠٢، دووەم جار لە ٢٠١٠ەوە بۆ ٢٠٢٦. واتە ئەسڵەکە ئۆربانە نەک تڕەمپ. بە گشتی ئەوانەی ئۆربان تەنيا وەک ئەندامێک لە تڕەمپيزم دەبينن، زیاتر لە ژێر کاريگەری ميديای ئەمريکين، هاوکات ئەوانەی دژی تڕەمپ-ن. جگە لەوەی تڕەمپ هەر ڕۆڵی نەبووە لە دەنگدانی هەنگارييەکان بە ئۆربان لەو هەموو ساڵەدا، تەنانەت ئەو کاتەی تڕەمپ بە ئاشکرا و قوورسی پشتگيری کرد، ئۆربان دۆڕا. واتە پێگەی ئۆربان پەيوەست بووە بە فاکتەری ناوخۆ، نەک دەرەکی و تڕەمپ.

٢. لەناو یەکێتی ئەوروپا دوو دەوڵەت هەبوون ناسراوبوون بەوەی کە بە تەواوی لە لایەن ڕاسترەوەکانەوە حوکم دەکرێن، ئەوانيش هەنگاريا و پۆڵەندای ٢٠١٥-٢٠٢٣ بوون. تەنانەت ئۆربان وەک مامۆستای ڕاستڕەوەکانی پۆڵەنداشە، چونکە لەوان کۆنترە و ناسراوترە. یەک جياوازی سەرەکی هەیە لە نێوان ڕاستڕەوی پۆڵەندی و ئۆربان، ئەويش پرسی ڕووسيایە. ڕاستڕەوی پۆڵەندی بە تەواوی دژە رووسيا و پرۆ ئۆکڕانيان، ئۆربان تا ڕادەیەکی زۆر بەوە ناسراوە پڕۆ پوتين و دژە ئۆکرانيایە (لە ڕاستيدا دژە ئۆکڕانيا نييە، بەڵکو هاوکاری ئۆکڕانيا ناکات دژ بە ڕووسيا). ڕاستڕەوی پۆڵەندی لە ٢٠٢٣ هەڵبژاردنەکانيان دۆڕاند، پەرلەمان و حکومەتيان لەدەستدا، بەڵام توانيان سەرۆکایەتی لای خۆیان بهێڵنەوە. واتە شکستی ڕاستڕەوی پۆڵەندی وەک ئەوەی ئۆربان قوورس و گەورە نەبوو. ئەوەی ئاگاداری ئەو وڵاتانە بێت دەزانێت کە ئەوانەی ئۆپۆزسيۆنی ڕاستڕەوەکانيشن، هەر ڕاستڕەون. بۆ نموونە پيتەر ماگيار، ئەوەی دوێنێ لە ئۆربانی بردەوە، پێشتر هەر لە حيزبەکەی ئۆربان بوو. چونکە چەپ و چەپی نوێ لەو وڵاتانە نەک هەر لاوازە، بەڵکو بێزراوە. بۆیە شکستی ڕاستڕەوەکان لەو وڵاتانە مانای هاتنی چەپی نوێ نييە، بەڵکو فۆرمێکی ترە لە ڕاستڕەو کە زۆر پڕۆ یەکێتی ئەوروپایە. ئەو وڵاتانەی هاوشێوەی پۆڵەندا و هەنگاريا، جياوازن لە وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەوروپا، لە ڕووی کۆمەڵایەتی و کولتورييەوە زياتر ڕاستڕەون، ئاين و کولتور و بەها کۆنەکان و خێزان ڕۆڵی زۆرە، بە تايبەت لە دەرەوەی شارە گەورەکان. هەر بۆیە بردنەوەی ئەو جۆرە لە ڕاستڕەو، فاکتەرەکانی ناوخۆيين، نەک دەرەکی. چونکە، هەرچەند ئەو وڵاتانە لەڕووی ديموکراسیيەوە لە ئاستی رۆژئاوای ئەوروپا نين، بەڵام لە دەنگدانی ديموکراتيانە و شەفاف لەو ئاستەدان، بۆیە دواجار دەنگدەر حوکم دەکات، دوێنيش بينيمان ئۆربان چەند ديموکراتانە و ئاشتيانە شکستی خۆی ڕاگەياند و پيرۆزبایی لە لایەنی براوە کرد.

٣. هۆکاری شکستەکەی ئۆربان چی بوو؟ کۆمەڵێک هۆکاری کەڵەکەبوو و ناوخۆيين: بە گشتی مانەوەی سەرۆکێک بۆ ماوەیەکی درێژ، جۆریک لە بێ زاری درووست دەکات. کاتێک لە وڵاتێکدا ئەمە ڕوودەدات و دەنگدانی ڕاستەقينەی تيادا بەڕێوەدەچێت، ئەوا ئاسایی و چاوەڕوانکراوە خەڵک بيگۆڕێت؛ هۆکارە سەرەکييەکان، بە پێی توێژينەوە و ڕاپرسييەکان، بريتييە لە ئابووری (هەڵاوسان و گرانی و نزمی داهات) و گەندەڵی و سياسەتی تايبەت بە بيمەی تەندرووستی؛ بەهێزکردنی حکومەت لەسەر حيسابی دەزگا و ديموکراسی. لە هەنگاريا ئۆربان و حکومەتەکەی تا دەهات بەهێزتر دەبوون، بەڵام خزمەتگوزارييەکان کەمتر و خەراپتر دەبوون، گوزەرانی خەڵک خەراپتر دەبوو بە هۆی گرانیيەوە. هەر وەها، لە سەردەمی کۆرۆنا، گلەییەکی زۆر لە ئۆربان درووست بوو بە هۆی خەراپی بواری بيمەی تەندرووستی و ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و لێکەوتە ئابوورييەکانی. لە ٢٠٢٤ەوە پيتەر ماگيار دێتە دەرەوەی حيزبەکەی ئۆربان، وەک کەسێکی کاريگەر و چاکسازيکار دەردەکەوێت. زۆرێک لە گەندەڵی و خاڵە لاوازەکانی حکومەتەکەی ئۆربان ئاشکرا دەکات، بانگەشەی چاکسازی ئابووری و بيمەی تەندرووستی و دووبارە بەهێزکردنەوەی ديموکراسی و دەزگايبوون دەکات. لەگەڵ ئەو دۆخەی کە هەبوو، دەرکەوتنی ماگيار بەو شێوەیە بووە بەديلێکی واقعی و بەهێزی ئۆربان.

هەموو ئەو هۆکارانە بە لایەک و ئاشکرابوونی سکانداڵەکانی 2024 سەبارەت بە کەیسی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان لە ناوەندێکی حکومی بەخێوکردنی منداڵان، و مامەڵەکردنی حکومەت لەگەڵ ئەو کەیسە، لە لایەکی تر. ئەم کەیسە، حکومەتەکەی ئۆربانی بەرەو ئاقارێک برد کە شکست لەدەنگدان مسۆگەر بێت.

٤. لە دوای ئەو هۆکارە سەرەکييانەوە، دوو هۆکاری تر هەن: ناکۆکی ئۆربان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا و پشتگيريکردنی لە ڕووسيا. سەبارەت بە یەکێتی ئەوروپا، ئەمە یەکێک بوو لە فاکتەرەکانی شکستی ڕاستڕەوەکانی پۆڵەنداش. خەڵکی ئەو وڵاتانەی هاوشێوەی پۆڵەندا و هەنگاريا، زۆرينەیان پێيانوایە یەکێک لە فاکتەرە سەرەکييەکانی باشبوونی گوزەران و ئابووری و سياسەت و ژیانيان بۆ ئەندامێتی ئەو وڵاتانە دەگەڕێتەوە لە یەکێتی ئەوروپا. لای ئەوان یەکێتی ئەوروپا پێشتر وەک خەون بووە لە کاتی کابوسی سۆڤيەت، ئێستا ئەو خەونە بەدی هاتووە و پێيانوایە ئايندەشيان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا باشتر دەبێت. هەر بۆیە بە ريفراندۆم زۆرينە دەنگی دا بەوەی ببنە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا.

زۆرينەی خەڵکی پۆڵەندا و هەنگاريا دەزانن کە ئەڵمانيا و فەرەنسا و بەلجيکا و هۆڵەندا و ئەسکەندەنافيا بە بێ یەکێتی ئەوروپاش دەتوانن لە ئاستێکی بەرزی ئابووری و خۆشکوزەرانی و ئارامی بن، بەڵام وڵاتانی وەک پۆڵەندا وهەنگاريا بە بێ یەکێتی ئەوروپا نەدەگەيشتنە ئەم قۆناغە. بۆ نموونە GDPی پۆڵەندا لە ٢٠٠٣ پێش ئەندامبوونی لە یەکێتی ئەوروپا، نزيکەی ٢١٩ مليار دۆلار بووە، لە ئێستادا ٩٠٠ ملياری تێپەڕاندووە و بەرەو یەک ترليۆن هەنگاو دەنێت. رێژەی بێ کاری لە پۆڵەندا لە ٢٠٠٣ نزيکەی ٢٠٪ بوو، لە ٢٠٢٤ ریژەکە کەمتر بوو لە ٣٪، جگە لە گەشەکردنێکی زۆر گەورە و ديار لە ژێرخان و تەندرووستی و زانست و سيستەمی پەروەردە و سيستەمی سياسی. هەنگاريا لەوەتی بووە بە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا، دەوروبەری ١٠٠ مليار يۆرۆ سوودی بينيووە. بەڵگەش بۆ ئەو گرنگيەیی یەکێتی ئەوروپا ئەوەیە کە نە ڕاستڕەوەکانی پۆڵەندا نە ئۆربان، ئامادە نەبوون بکشێنەوە لە یەکێتی ئەوروپا یان ريفراندۆم بکەن بۆ ئەو مەبەستە، چونکە ئەوانيش یەقينيان هەیە بە بێ یەکێتی ئەوروپا ئەو وڵاتانە دەگەرێنەوە بۆ سەردەمێکی تر. ئەم گوتارە دوو فاقييە، (لێت دەخۆم و دژایەتيشت دەکەم)، جگە لەوەی زۆرينە دژیەتی، وەک لێدانێک بوو لە گوتاری ئەو ڕاستڕەوانە، چونکە ئەگەر بەڕاستی دژی یەکێتی ئەوروپان ئەوا زۆرينە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپایە، ئەگەر تەنيا بە گوتار دژی یەکێتی ئەوروپان، واتە پڕوپاگەندە و درۆکردنە. گوتاری پيتەر ماگيان تەرکيزی لەسەر باشکردن و ئاسايکردنەوەی پەيوەندييەکانی هەنگاريا و یەکێتی ئەوروپا بوو، ئەمەش هۆکارێک بوو کە دەنگێکی زۆر و کەم وێنەی بەدەست هێنا. ڕێژەی بەشداریبوون لە دەنگدانەکە نزيک بووەوە لە ٨٠٪، ئەمە دەريدەخات هەنگارييەکان گرنگييەکی تايبەت و گەورەیان بەم هەڵبژاردنە داوە و هەروەها نيشانەی بێ زارييەکی فراوان بووە لە ئۆربان و متمانەیەکی گەورەیە بە ماگيان.

کێشەی سەرەکی نێوان زۆرينەی خەڵکی ئەو وڵاتانەی وەک پۆڵەندا و هەنگاريا لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا بريتييە لە سياسەتی پەنابەر و کۆچ، بە تايبەت ساڵانی ٢٠١٤-٢٠١٨ لە کاتی بەهاری عەرەبی و شەڕی سووريا. هەردوو دەوڵەت ڕێگەیان نەدا پەنابەر بێتە وڵاتەکەیان، یەکێتی ئەوروپاش نەيتوانی ناچاريان بکات. خەڵک پشتگيری حکومتەکانيان کرد و دەکەن بۆ ئەو بابەتە. بەڵام هەردوو حکومەت ئەو کارەیان کردە بابەتی سەرەکی گوتار و بانگەشەکانيان تەنانەت بۆ پاش کۆتایهاتنی مەترسی و ڕووداوەکە. واتە مەترسی و کێشەی پەنابەر نييە لەو وڵاتانە، بەڵکو کێشەی تر هەیە، ئەو دوو حکومەتە بەردەوام هەر تەرکيزيان لەسەر ئەو کێشەیە بوو کە ڕووينەداوە، نەک ئەو کێشانەی کە هەن.

هەقيقەتێکی تر هەیە، کە خەڵک دەرەکی پێدەکەن، ئەويش ئەوەیە خودی پەنابەر دەيەوێت بچێتە وڵاتێک کە ئابووری و موچە و هەلی کار زیاتر بێت، بيمەی تەندروستی و کۆمەڵایەتی باش بێت، وەرگرتنی مافی مانەوە ئاسانتر بێت. واتە دەيانەوێت بگەنە ئەڵمانيا و ئەسکەندەنافيا و بەڕيتانيا، نەک پۆڵەندا و هەنگاريا کە ئەگەر سنووريش بکەنەوە، ئەوا زۆرينەی پەنابەر تەنيا وەک پردێک لێوەی تێدەپەڕێت بۆ وڵاتانی رۆژئاوای ئەوروپا. لە کاتی کێشەی پەنابەرەکانی سەر سنووری بيلاروسيا و پۆڵەندا، بەشێک لە پۆڵەندييەکان بۆیان دەرکەوت کە ئەو پەنابەرانەی هاتنە پۆڵەندا، زۆربەی هەرە زۆری بەرەو ئەڵمانيا چوون. بە کورتی، گوتاری ڕێگرتن لە شەپۆلی پەنابەران، لە پۆڵەندا و هەنگاريا، ئەو هێز و کاريگەرييەیی نەما کە حکومەتەکان پشتی پێ ببەستن وەک بانگەشەی دەنگدان، چونکە مەترسييەکە تێپەڕی و ئەو کێشەیە نييە لەو وڵاتانە.
سەبارەت بە پشتگيری ئۆربان لە ڕووسيا، ئەوەی تێکەڵی خەڵکی پۆڵەندا و هەنگاريا و وڵاتانی بەڵتيق بێت، ئەو وڵاتانەی کە پێشتر سەر بە سۆڤيەت یان لە ژێر هەژموونی سۆڤيەت بوون، بە ئاسانی دەرک بەوە دەکات ئەو خەڵکە ڕووسيا-فۆبيایان هەیە. چونکە لای ئەوان، ئەزموونی سۆڤيەت، کە ئێستا پێيانوایە ڕووسيا پاشماوەکەیەتی، وەک کابوسە. لەسەر ئاستی کۆمەڵگا، لەو وڵاتانە هەڕەشە و مەترسی سەرەکی بريتييە لە ڕووسيا. کاتێک حکومەتێک لەو وڵاتانە دەبێتە دۆستی ڕووسيا، بە تايبەت لەم کاتی شەڕەی ئۆکڕانيا، ڕاستەوخۆ واتە بایەخ بە یەکەم و سەرەکيترين ترسی خەڵک نادات. هەر وەک ئاماژەم پێکرد، ڕاستڕەوی پۆڵەندا لەبەر ئەوەی دژە ڕووسيان، شکستەکەیان قوورس نەبوو وەک ئۆربان کە بە ئاشکرا وەک دۆستی ڕووسيا دەردەکەوێت. لەوانەیە مەحاڵ بێت لە پۆڵەندا زۆرينەی خەڵک دەنگ بە حيزب و سياسييەک بدەن کە دۆستی ڕووسيایە. بۆ هەنگارياش تا ڕادەیەکی زۆر وایە. ئەو ترسەی لەو وڵاتانە هەیە لە ڕووسيا، لە رۆژئاوای ئەوروپا نييە. ئەگەر حکومەتی دەوڵەتێکی ڕۆژئاوای ئەوروپا دۆستی رووسيا بێت، لەوانەیە ئاسایی بێت، بەڵام بۆ پۆڵەندا و هەنگاريا و هاوشێوەکانيان ئەوە ئاسایی نييە.

٥. شکستی ڕاستڕەوەکانی پۆڵەندا و هەنگاريا دۆخێکی ئاسایی و کاتييە، نەک وەک ئەوەی چەپەکان بانگەشەی بۆ دەکەن گوایە کۆتایهاتنی ڕاستڕەوەکانە لەو وڵاتانە. بە تايبەت ئۆپۆزسيۆنيش هەر نزيکترە لە ڕاست نەک چەپ. لەبەر ئەوەی ڕاستڕەوەکانی ئەو دوو وڵاتە، بە تايبەت لە هەنگاريا، ماوەیەکی زۆر حوکميان کرد، بە بەرپرس دادەنرێن لە هەموو کێشە و قەيرانەکان کە بەشێکی زۆر لەو قەيرانانە جيهانين، واتە حکومەتە نوێيەکانيش لەوانەیە نەتوانن چارەسەری بکەن. ئەمە وا دەکات حکومەتە نوێيەکانيش دەبنەوە بە بەرپرس لە قەيرانەکان و هەلی ئەوە دەرەخسێتەوە ڕاستڕەوەکان پاش چەند ساڵێکی تر متمانەی خەڵک بەدەست بهێننەوە. لە پڕۆسەی ديموکراسی و دەنگدانی شەفاف، ئەو ئاڵوگۆرە سروشتی و پێويستە.

٦. یەکێک لە کێشەکانی ڕۆژئاوا و جيهانيش پۆپۆليزمە، چەپەکان دەيانەوێت ڕاستڕەو و پۆپۆليزم بە یەکەوە پەيوەست بکەن، بەڵام لە ڕاستيدا پۆپۆليستبوون سيمایەکی دياری چەپ و ڕاستەکانە، نەک تەنيا یەکێکيان. هەردوولا، دەيانەوێت قەيرانەکان دژ بە یەکتر و بۆ بانگەشەی دەنگدان بەکاربهێنن، نەک چارەسەری ڕاستەقينە. ئەم پۆپۆليستبوونە یەکێکە لەو هۆکارانەی کە دەنگدەران جارێک چەپەکان بە توندی سزا دەدەن، جارێکی تر ڕاستڕەوەکان.

٧. لەگەڵ ئەوەی ڕاستەکان لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بەرەو لاوازی دەچن، لە ڕۆژئاوای ئەوروپا بەرەو بەهێزبوون دەچن، هەرچەند جارێ دوورن لەوەی بە تەواوی دەسەڵات بگرنە دەست. لەوانەیە ئەم شکستەی ڕاستڕەوەکانی پۆڵەندا و هەنگاريا، کاريگەری بکاتە سەر ئەوانەی ڕۆژئاوای ئەوروپا. لەگەڵ جياوازييەکی گرنگ، پرسی پەنابەر لە رۆژئاوای ئەوروپا بەڕاستی کێشەیەکی واقعی و بەرچاو و سەرەکييە، لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا بەو شێوەیە نييە و هەر براورد ناکرێت. بۆیە ڕاستڕەوی ڕۆژئاوای ئەوروپا کارتێکی بەهێزيان هەیە بۆ بانگەشەی دەنگدان. لە پۆلەندا و هەنگاريا ئەو کارتە تەنيا ماوەیەک بەهێز بوو، چونکە کێشەکە لە واقعدا نەبوو.

٨. وەک دەردەکەوێت، شکستەکەی ئۆربان کۆمەڵیک فاکتەری ناوخۆیی و ئابووری و دەزگایی و ئيدارين، نەک ئايدۆلۆژی و تڕەمپيزم وەک ئەوەی چەپەکان بانگەشەی بۆ دەکەن، بێ گومان تڕەمپ نيگەرانە بەو شکستە، بەڵام مەبەست لە هۆکار و ژينگە و فاکتەرەکانی ئەو ڕووداوەیە. هەروەها، شکستێکی ئاسایی و کاتييە، نەک کەوتنێکی یەکجاری ڕاستڕەوەکان، بە تايبەت هەر فۆرمێکی تر لە ڕاستڕەو براوەی هەڵبژاردنەکان بوو کە لەوانەیە فۆرمێکی ڕاستڕەوی باشتر و کەمتر پۆپۆليست بێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP