ماوەیەكە دەوڵەتە گرنگەكانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرقاڵی سەرلەنوێ ڕێكخستەوەی پەیوەندییەكانی نێوانیان و خاوكردنەوەی گرژییەكان و پێكهێنانی هاوپەیمانیی نوێن، بە شێوەیەك دوو ساڵ بەر لە ئێستە ئەو جۆرە ڕێكخستنەوەیە بە ئەستەم دەبینرا. لەگەڵ ئەم گۆڕانكارییانەدا، گەورە بەرپرسانی ویلایەتە یەكگرتووەكان خەریكی پێكەوە بەستنەوەی داوەكانی تێڕوانین و سیاسەتێكی نوێن لە ناوچەكەدا بەگشتی و بەرانبەر ئێران بەتایبەتی. هەرچەندە ئەم سیاسەتە هێشتا لەسەر بنەمای سێ پایە سەرەكییەكەی ستراتیژیی ئەو وڵاتە لە ناوچەكەدا دامەزراوە كە بریتین لە:
دوورخستنەوەی ناوچەكە لە (هەیمەنە)ی نەیارە سەرەكییەكانی ئەمریكا، وەك چین و ڕووسیا و ئێران و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و هەوڵدان بۆ بەردەوامیی هەناردەكردنی نەوت لە ناوچەكەوە بۆ وڵاتانی نزیك لە ئەمریكا، بەڵام تاكتیك و تێڕوانینی جیبەجێكردنی ئەو ستراتیژە بە پێی گۆڕانكاریی هەلومەرجەكان و ڕێكخستنەوە جیۆپۆلیتیكەكان گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە. دەوڵەتە دەستڕۆیشتووەكانی ناوچەكەش خەریكی خۆگونجاندنن لەگەڵ ئەم گۆڕانكارییانە بە جۆرێك لەگەڵ بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانیاندا بگونجێت.
یەكێك لەو گۆڕانكارییانە بریتییە لە جێبەجێكردنی سیاسەتی (De-escalation)، ڕەنگە لە كوردیدا «هێوركردنەوە» ئەو مانایە بگەیەنێت و واتە هێشتنەوەی دۆخەكە وەك خۆی و خراپترنەكردنی، ئەمەش هاوئاهەنگە لەگەڵ هەوڵەكان بۆ فراوانكردنی چوارچێوەی پەیمانی ئەبرەهام بەتایبەتی هەوڵەكان بۆ ڕازیكردنی شانشینی سعودییە بۆ بوونە لایەنێكی پەیمانەكە. واتە پەنابردنە بەر هێزی نەرم بۆ جێبەجێكردنی ستراتیژەكان، نەك هەڕەشەی ڕاستەوخۆی بەكارهێنانی هێزی زبر، بۆ جێبەجێكردنی ئەم سیاسەتەش پێدەچێت بازووی توركیا و گیرفانی دەوڵەتانی كەنداو هاوكاری چەسپاندنی ئەو هێوركردنەوەیە بن.
لە چوارچێوەی ئەم سیاسەتەدا و بۆ كەمكردنەوەی گرژی و ململانێكان و هێوركردنەوەی دۆخی ئەمنی و سیاسی لە ناوچەكەدا، نزیكبوونەوەی زۆر ڕووی داوە لە نێوان بەشی زۆری وڵاتانی ناوچەكەدا، بەتایبەتی لە نێوان ئیمارات و ئێران، سعودیە و قەتەر، میسر و قەتەر، توركیا و میسر، ئیمارات و توركیا، ئیسرائیل و توركیا، سعودیە و ئێران، توركیا و سعودیە. سەردانی داهاتووی سەرۆكی توركیا بۆ بەغداش دەكەوێتە چوارچێوەی ئەم خۆڕێكخستنەوە جیۆپۆلیتیكەی ناوچەكە. هەوڵەكان لەگەڵ عێراق و سووریاش بە هەمان ئاراستە بەردەوامن، بەڵام لەبەر نزیكییان لە كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕەنگە سەرگرتنی هەوڵەكان ئاسان نەبێت، یان نزیكبوونەوە و هاوكارییەكان لە شێواز و فۆرمی دیكەدا بن.
ڕاستە عێراق لە هەموو ڕوویەكەوە لەژێر كاریگەریی ئێراندایە، بەڵام ئەمریكا و وڵاتانی ناوچەكەش هەر یەكەیان بە ئەندازە و لە بواری جیاوازدا دەتوانن كاریگەرییان لەسەر عێراق هەبێت. بازاڕی دارایی عێراق هێندە گرێ دراوە بە سیستەمی دارایی ئەمریكا لە ڕێگەی بانكی فیدڕاڵی ئەمریكی زەحمەت نابێت بۆ ئەمریكا گوشاری گەورە لەسەر هاتنی پارە بۆ عێراق دروست بكات. هەروەك لە ڕابردوودا بینیمان. گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و زیادبوونی وشكەساڵی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و سنوورداركردنی بەردانەوەی ئاو، عێراقی تووشی كێشەی گەورە كردووە و، بەپێی هەندێك زانیاری و سەرچاوە ڕەنگە لە ماوەی ١٥ ساڵی داهاتوودا هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات وشك بكەن.
بۆیە عێراق ناچارە لەگەڵ توركیادا بە هەر نرخێك بێت هاوكاری بكات، تا هەر هیچ نەبێت ڕوودانی كارەساتی بێ ئاوی لە عێراق دوورتر بخاتەوە. بۆیە پێویستی بە جۆریك لە تێگەیشتن و نزیكبوونەوە هەیە لە ئەمریكا و توركیا و خۆتێهەڵكێشكردنی لەو سیاسەتەی كە هێشتا لە قۆناغی گەڵاڵەبووندایە. هەر لە چوارچێوەی ئەم هێوركردنەوەیەدا بەشێك لە وڵاتانی ناوچەكە پەیوەندییان لەگەڵ سووریا ئاسایی كردووەتەوە و سووریا لە كۆمكاری عەرەبی وەرگیرایەوە. هەرچەندە بەرانبەر بەم هەنگاوە هێشتا سووریا كاردانەوەیەكی پۆزەتیڤی نەبووە و هیچ كرانەوەیەكی سیاسی ئەنجام نەداوە،
بەڵام سووریا لە دۆخێكدایە كە ئابوورییەكەی بەرەو داڕمانی تەواو دەچێت و دۆخی ئابووریی ئێران و ڕووسیاش لەو ئاستەدا نین گوریسی ڕزگاربوونی بۆ هەڵبدەن، بۆیە ناچار دەبێت پەتی بەرژەوەندییەكانی بەرەو لای وڵاتە پارەدارەكان شل بكات، نەك بە پێچەوانەوە. هەرچەندە ئەمریكا و ئەوروپا پێشوازییان لە نزیكبوونەوەی هەندێك وڵاتی عەرەبی لەگەڵ سووریا نەكردووە، بەڵام ڕەنگە بە ئەنجامدانی هەندێك گۆڕانكاری ئەگەر ڕووكەشیش بێت لە سیستەمی سیاسیدا ئەوانیش نەرمی بنوێنن، چونكە ئەگەر دۆخی سووریا ئاسایی نەكرێتەوە، ئەوا وەك مەیدانێكی گونجاو و لەبار بۆ مانەوە و گەشەسەندنی داعش دەمێنێتەوە و بەشێك (ئەو شەش ملیۆن پەنابەرەی ئێستا لە توركیا و لوبنان و ئوردن ماونەوەتەوە) ڕەنگە بەرەو و ئەوروپا بكەونە ڕێ. ئەوەشمان لەبیر نەچێت، دۆخی ئابووریی سووریا وای كردووە ئەو وڵاتە ببێتە سەرچاوەیەكی گەورەی ناردنە دەرەوەی مادەی هۆشبەر بەتایبەتی حەبی كاپتاگۆن. بە پێی هەندێك سەرچاوە لە ماوەی نێوان ساڵانی ٢٠١٦ تا ٢٠٢٢ بری زیاتر لە یەك ملیارد حەبی دروستكراوی سووریا لە بازاڕەكانی جیهان دەستیان بەسەردا گیراوە. دروستكردنی یەك حەب لە كارگەكانی سووریادا چەند سەنتێكی تێدەچێت، لە كاتێكدا هەمان ئەو حەبە لە بازاڕەكانی كەنداودا بیست دۆلار دەكات. ئەمەش بووەتە سەرچاوەیەكی گرنگی دارایی و ئابووری بۆ سووریا. هەڵبەتە ئاساییكردنەوەی دۆخی سووریا و گەڕانەوەی بۆ ناو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پرۆسەیەكی ئاڵۆز و فرە ڕەهەندە و مەیدانی ململانێ و بەرژەوەندیی ئەمریكا و ڕووسیا و توركیا و ئێران و هەندێك وڵاتی دیكەیە، هەرچەندە توركیا و ڕووسیا بە ڕووكەش هاوپەیمانن، بەڵام كێشەی گەورەش لە نێوانیاندا هەیە و پێدەچێت توركیا لە چوارچێوەی ئەم ڕێكخستنەوەیەدا زیاتر لە ئەمریكا و ئەوروپا نزیك ببێتەوە.
چەندین هۆكار، یان پاڵنەر هەن كە وایان كردووە، ویلایەتە یەكگرتووەكان هەوڵی هێوركردنەوەی دۆخەكە بدات لەم ناوچەیەدا، گرنگترینیان ئەمانەن: تەرخانكردنی زیاتری كات و توانا ماددی و مرۆییەكانی ئەو وڵاتە و هاوپەیمانەكانی بۆ ململانێكانی لەگەڵ چین و بایەخدانی زیاتر بە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆكڕانیا لە لایەكەوە و لاوازبوونی ئەگەری ڕێككەوتن لەگەڵ ئێران دەربارەی بەرنامە ناوكییەكەی و بە بنبەست گەیشتنی سیاسەتی ئابڵوقەی ئابووریی سەر ئێران، لە لایەكی دیكەوە ڕاستە ئەمریكا لەم دواییانەدا هەوڵی داوە گرژییەكان لەگەڵ چین خاو بكاتەوە، بەڵام چین وەك ڕكابەرێكی گەورە و تەنانەت هەڕەشەی ستراتیژی بۆ سەر ئەمریكا دەمێنێتەوە. ئەنجامی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیاش بۆ هەژموون و داهاتووی ئەمریكا لە جیهاندا گرنگە و ئەمریكا و ئەوروپا لایان وایە كە ئەگەر جەنگەكە لە بەرژەوەندیی ڕووسیا كۆتایی بێت، ئەوا ڕووسیا لە داهاتوودا دەبیتە هەڕەشەیەكی گەورە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ئەو وڵاتانە.
هەروەك ئاماژەمان پێ دا، بۆ سەركەوتنی ئەم سیاسەتە ویلایەتە یەكگرتووەكان لە هەوڵی جددیدایە بۆ ڕازیكردنی سعودییە تا ببێتە بەشێك لەم خۆڕێكخستنەوە جیۆپۆلیتیكە. بە پێی ڕاپۆرتێكی ئەلمۆنیتەر شاندێكی باڵای ئەمریكا ڕۆژی پێنج شەمە ٢٧ی تەموز لە سعودییە بوون و لەگەڵ محەمەد بن سەلمان كۆبوونەتەوە. یەكێك لە خاڵەكانی كۆبوونەوەكە ڕێككەوتنی نێوان ئیسرائیل و سعودییە بووە، پێشتریش لە نێوان هەردوو لادا لەم بارەیەوە گفتوگۆ كراوە. گۆڤاری ئیكۆنۆمیست لە ١٥ی حوزەیراندا دەنووسێ «پێدەچێت سعودییە پەیوەندی ئاسایی لەگەڵ ئیسرائیل پەسەند بكات. ڕەنگە بینیامین نەتەنیاهۆ لە ڕێككەوتنی مێژوویی نزیك بووبێتەوە». پێشتریش لە ٨ی هەمان مانگدا وەزیری دەرەوەی سعودییە، فەیسەڵ بن فەرحان ڕایگەیاندبوو كە «لەو بڕوایەداین ئاساییكردنی پەیوەندییەكان لە بەرژەوەندیی ناوچەكەدایە و سوودی زۆر بە هەموو لایەك دەگەیەنێت». هەڵبەتە سعودییە بەرانبەر بەم ڕێككەوتنە لەگەڵ ئیسرائیلدا چەند داوا و داخوازییەكی لە ئەمریكا هەیە و لەو دیدار و كۆبوونەوانەدا بە وردی گفتوگۆیان لەبارەوە كراوە.
ئەم هێوركردنەوەیە لە پەیوەندییەكانی دەوڵەتانی ناوچەكەدا و هەوڵەكان بۆ فراوانكردنی چوارچێوەی ڕێككەوتننامەی ئەبرەهام و نزیكبوونەوەی توركیا لە ئەمریكا و ئیسرائیل و ئەوروپا، پێدەچێت ڕەنگڕشتنی چوارچێوەی گردبوونەوەیەكی دیكەی ناوچەیی بێت كە لە بری هێزی زبر، هێزی نەرم میكانیزمی جێبەجێكردنی بەرنامە و پلانەكان بێت و، لە بری هەڕەشەی بەكارهێنانی هێز بەرانبەر ئێران سیاسەتی «ئیحتیوا»كردن لەگەڵ ئەو وڵاتەدا بەكاربهێنرێت. پێشتر لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی و لە گەرمەی جەنگی ساردا ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی سیاسەتی «(ئیحتیوا»یان بەرانبەر یەكێتیی سۆڤیەت بەكارهێنا. ئەوەی گرنگە بوترێت، ڕاكێشانی دەوڵەتێكی گەورەی وەك هیندستانە بۆ مەیدانی ململانێی سیاسی و ئابووری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هیندستان كە لە ڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە پێش چین كەوتووە، بەرەو ئەوە دەڕوات ببێتە زلهێزێكی ئابووری و لە ڕووی سیاسی و سەربازیشەوە ببێتە ڕكابەرێكی گەورەی چین. هاندان و ڕێگەخۆشكردنی هیندستان لە لایەن ئەمریكاوە بۆ پەلكێشانی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەنگە خزمەتی بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا بكات، وەك پارسەنگێك بۆ هێز و هەژموونی چین لەو ناوچەیەدا. هەرچەندە هیندستان پەیوەندیی باشی لەگەڵ ئێران هەیە و لە ڕابردووشدا سعودییەش زیاتر لەگەڵ پاكستاندا بەین و پەیوەندیی خۆشتری بووە، بەڵام ئەگەر بەرژەوەندییەكان وا بخوازن، جێگۆڕكی بە هاوپەیمانێتی لە سیاسەتدا كارێكی زەحمەت و نەكردە نییە.
بە پێی وتارێكی گۆڤاری فۆڕیەن پۆلیسی ڕۆژی ٣٠ ی حوزەیران بە ناونیشانی «هیندستان بووەتە هێزێك لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست»، لە ماوەی یازدە مانگدا (گوڵانی ٢٠٢٢ بۆ نیسانی ٢٠٢٣) قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هیندستان و ئیمارات گەیشتووەتە ٤٥ ملیارد دۆلار. پەیوەندی بەهێزی نێوان ئیسرائیل و هیندستان بەتایبەتی لە بواری فرۆشتنی چەكی ئیسرائیلی بە هیندستان ئاشكرایە و ئەو پەیوەندییە لە ئایندەدا لە ڕێگەی گرووپی (I2U2) كە لە نێوان ئەمریكا و ئیسرائیل و ئیمارات و هیندستاندا دروست بووە بۆ پەرەپێدانی تەكنەلۆجی و خستنەگەڕی سەرمایە لە ئایندەدا بەهێزتر و فراوانتر دەبێت. پەیوەندییەكانی نێوان هیندستان و میسر دوای ئەوەی سەرۆك عەبدولفتاح سیسی چەند جارێك سەردانی نیودەلهی كرد و نارێندرا مۆدیش چووە قاهیرە، بەرەو هەڵكشان دەچێت. هیندستان وەك بازاڕێكی گەورە و زەبەلاحێكی بواری تەكنەلۆجی ڕۆڵێكی گەورە لە بواری ئابووری و تەكنەلۆجی و زانستی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگێڕی و ئەمریكاش لەمەدا پشتگیریی دەكات بۆ كەمكردنەوەی دەسەڵات و هەژموونی چین و ڕووسیا لە ناوچەكەدا. ئەمڕۆ هیندییەكان هەژارن وەك چینییەكانی حەفتاكانی سەدەی ڕابردوو، بەڵام لە ئایندەدا هیندستان دەبێتە ڕكابەرێكی گەورەی چین و ڕووسیا لە ناوچەكەدا. بێگومان وەك هەمیشە ئەم پێشبینییە لە چارە و نێوچەوانی هیندییەكان نەنووسراوە، بەڵكو پەیوەستە بە ئاست و ڕاددەی كار و زیرەكیی نوخبەی سیاسیی وڵات و شێوازی قۆستنەوەی ئەو دەرفەتانەی دێنە پێشەوە.
وەك ئاماژەمان پێدا، هێشتا تەنیا هێڵە گشتییەكانی ئەم سیاسەتە دیارن و مەرجیش نییە ڕێككەوتنی فەرمی لە نێوان لایەنەكاندا هەبێت، بەڵام هەندێك ئاماژە هەن لە واشینتۆنەوە كە تێگەیشتنی گشتی هەیە و تەنانەت زانیاریی دزە پێكراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئەوە دەگەیەنێت كە ئەو وڵاتە و هاوپەیمانەكانی خەریكی داڕشتنەوەی دۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابووریی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، بۆ دروستكردنی سەقامگیرییەكی ئەوتۆ كە نزیكەی سی ساڵە ناوچەكە سەقامگیریی وای بە خۆیەوە نەبینیوە. هەرچەندە ئیدارەی ئێستای ئەمریكا پاراستنی مافی مرۆڤ و چەسپاندنی دیموكراسی لە جیهاندا وەك یەكێك لە پێشینەی سیاسەت و ستراتیژیی كاركردنیدا داناوە، بەڵام پێدەچێت ڕووداوەكانی بەهاری عەرەبی و هەڕەشەكانی تێرۆر ئەم ئیدارەیەشی هێنابێتە سەر ئەو بڕوایەی كە بگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی كۆنی گرنگیدان بە سەقامگیری، تەنانەت ئەگەر لەو پێناوەدا دیموكراسی و مافی مرۆڤ بكرێنە قوربانی.
ئەو وڵاتانەی كە ڕەنگە لە داهاتوودا ڕۆڵی بەرچاویان هەبێت لەم گردبوونەوە جیۆپۆلیتیكیەدا جگە لە ئەمریكا، توركیا و ئیسرائیل و سعودیە و ئیمارات و قەتەر و میسر بن و هەندێك تێگەیشتنی بنەڕەتیش لەگەڵ سووریا و عێراقدا دروست بكرێت و، دەرفەتی زیاتریش بدرێتە هیندستان تا پێگەی ئابووریی خۆی بەهێز بكات، هەر هیچ نەبێت بە شێوەیەكی ناڕاستەخۆش بێت، بەرەبەرە ببێتە پارسەنگی پێگە و هێز و كاریگەریی چین و ڕووسیا. پێدەچێت ئازەربایجانیش وەك سەرچاوەیەك بۆ نەوت و غازی توركیا و ناكۆك لەگەڵ ئێران ڕۆڵی هەبێت، بەتایبەتی ئەگەر پەیوەندییە بەهێزەكانی نێوان ئازەربایجان و توركیا و ئیسرائیل لەبەرچاو بگیرێت.
هەرێمی كوردستانیش بە حوكمی جێگە جیۆپۆلیتیكەكەی دەكەوێتە ناو ئەم ململانێ نێودەوڵەتی/هەرێمییەوە و لەبەر دۆخە دەستووری و یاساییەكەی ڕەنگە بوار و توانای موناوەری كەم بێت، بەڵام گرنگە هەوڵ بدرێت كەشتیی بەرژەوەندییەكانمان لە قەڵبەزە و تەوژمی ڕووداو و پێشهاتەكان بپارێزین، ئەمەش یەكڕیزی سیاسی و حوكمڕانیی باش و حیكمەتی سیاسی پێویستە.