لە ٢٢ ی ئەم مانگەدا جەنەراڵ مایکڵ کوریلا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لەبەردەم لیژنەی کاروباری هێزە چەکدارەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکادا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە سەرەتای ئەمساڵدا چەندین چەکی لەیزەری ناردۆتە ئێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی درۆن و موشەکەکان و ئەم چەکانە لەسەر مودەرەعەی (سترایکەر) دەبەسترێن کە لە ئێراقدا بەکاردەهێنرێن. جەنەراڵ باسی ئەوەی نەکرد کە ئەم چەکانە تا ئێستا لە ئێراق بەکارهێنراون یان نا.
سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئەمەریکی کێشەی گەورەیان هەیە لە ڕوبەڕوبونەوەی هەڕەشەکانی لە ئاسمانەوە دەکرێنە سەر هێزەکانیان، بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو هەڕەشانەی لە داهاتوودا لەسەریان دروست دەبێت لە شوێنەکانی تر.
گەورەترین هەڕەشەش درۆنەکان دروستیان کردوە چونکە تێچووی درۆنەکان کەمن و ئەو چەکە تەقلیدیانەی وەک پاتریۆت تێچوویان زۆرە و ناتوانن سیستەمی بەرگری مۆدیرن و کاریگەر دروست بکەن. هەر بۆیە ئێستا ئەمەریکا ساڵانە یەک ملیارد دۆلاری تەرخانکردوە بۆ پەرەپێدانی ئەو چەکانەی بە چەکی وزەی ئاراستەکراو (Directed Energy Weapons) ناسراون و سی پرۆژەی جۆراو جۆر لەو بوارەدا لە قۆناخی جێبەجێکردندان.
دوو جۆر لەو چەکانەی دروستکراون و تاقیکراونەتەوە بریتین لە چەکی لەیزەری وزە بەرز و چەکی مایکرۆوەیڤ. ئەم چەکانە دەتوانرێت بە تێچوویەکی کەم، بە بەراورد لە گەڵ چەکە تەقلیدییەکاندا، بەرهەمبهێنرێن و بە خێراییەکی زۆریش ئاراستەی ئامانجەکان بکرێن. بۆ نموونە ، دەتوانرێت چەکی لەیزەری وزە بەرز بە خێرایی ڕووناکی ئاراستەی درۆنەکان یان موشەکەکان بکرێ. لە کاتێکدا چەکی مایکرۆوەیڤ چەندین جۆری هەیە و بۆ مەبەستی جیاواز سوودی لێوەرگیراوە. هەڵبەتە هەوڵدان بۆ دروستکردنی ئەم چەکانە نوێ نین و هەندیکیان لە جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا بەکارهێنراون و چەندین وڵاتی تریش هەندیك لەم چەکانەیان دروستکردوە.
سەرچاوە: سایتی C4IS