هەرێم نیوز
ڕۆژنامەیەکی ئەورووپی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای دەکات، سەرۆک وەزیرانی عێراق هێزە ئەمنییەکانی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشیی جەنگەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەری ئاڵۆزییەکان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان، جەختیش دەکاتەوە کە بەشێک لەو گرووپانە لە ناوخۆی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا ڕەگیان داکوتاوە.
مەترسییەکانی نادڵنیایی لە چەکدانانی گرووپە چەکدارەکان
ئەمڕۆ شەممە ١٥ی ئابی ٢٠٢٦، ڕۆژنامەی "برۆکسل مۆرنینگی ئەورووپی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، وادەی دیاریکراو لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بۆ کشانەوەی هێزەکانی و چەکدانانی گرووپە چەکدارەکان لە ٣٠ی ئەیلوولی داهاتوو کۆتایی دێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، گومانێکی زۆر هەیە لەوەی گرووپە چەکدارەکان ئامادە ببن چەکەکانیان دابنێن، بەو هۆیەوە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هێزە ئەمنییەکانی لە تەواوی وڵاتدا خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشیی جەنگەوە؛ ئەم ئامادەکارییە نەک تەنیا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش، بەڵکو بۆ ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ و ئاڵۆزییە لەگەڵ گرووپە چەکدارەکاندا.
بەهێزبوونی پێگەی گرووپە چەکدارەکان لەناو دەوڵەتدا
ڕۆژنامە ئەورووپییەکە ڕەتی دەکاتەوە کە پرسی گرووپە چەکدارەکان تەنیا کێشەی چەکدانان یان بوونیان لە دەرەوەی دەسەڵاتی وڵات بێت، بەڵکو ئاماژە بەوە دەکات ئەو گرووپانە "لە دەرەوەی دەوڵەت نین، بەڵکو ڕەگیان بە شێوەیەکی قووڵ لەناو بودجە، پەرلەمان و وەزارەتەکانی عێراقدا داکوتاوە"، ئەمەش پرۆسەی مامەڵەکردن لەگەڵیان دژوارتر دەکات.