هەرێم نیوز
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد کە سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای هاوکاریی لە لیژنەکەیان کردووە بۆ تێپەڕاندنی یاسای لابردنی سفرەکانی سەر دینار.
ئەمڕۆ هەینی، 14ـی 8ـی 2026، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی پێشووی لیژنەی داراییدا لەگەڵ سەرۆکوەزیران و پارێزگاری بانکی ناوەندی، باسی چاپکردنی دراوی جۆری ١٠٠ هەزار دیناری نەکراوە، بەڵکو سەرۆکوەزیران داوای کردووە پەرلەمان هاوکار بێت بۆ پەسەندکردنی یاسای لابردنی سفرەکانی سەر دینار.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەش کرد، دوورە ئاراستەیەک هەبێت بۆ چاپکردنی دراوی تازە و دواتریش لابردنی سفرەکان، بەڵکو لە ئێستادا هەردوو بژاردەی چاپکردنی دراوی نوێ یان لابردنی سفرەکان وەک دەرچەیەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخی دارایی لەسەر مێزی بانکی ناوەندین و تا ئێستا بڕیاری کۆتایی لەسەر یەکێکیان نەدراوە.