هەرێم نیوز
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕای دەگەیەنێت، ڕێککەوتنی پێویست لەگەڵ حکومەت کراوە بۆ ئەوەی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ بە خێرایی لە پەرلەمان تێپەڕێنرێت و هەفتەی داهاتوویش خوێندنەوەی یەکەم بۆ یاسای بەخشین و قەرزکردن دەکرێت.
ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ (درەو) ڕای گەیاند، لە چوارچێوەی سەردانی لیژنەی دارایی بۆ لای سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەسەر چەند پرسێکی گرنگ ڕێککەوتن کراوە، لەوانە ناردنی بودجەی ٢٠٢٧ بۆ پەرلەمان.
دلێمی ئاماژەی بەوە کرد، وەزارەتی دارایی ستراتیژیی بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ی بە بەشداریی لیژنەی دارایی، چەند وەزارەتێکی پەیوەندیدار و نوێنەری هەرێمی کوردستان داڕشتووە.
جەختیشی کردەوە کە بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی، دەبێت بودجە لەنێوان ١٠ بۆ ١٥ـی ئەم مانگە بگاتە پەرلەمان بۆ ئەوەی بۆ ساڵی داهاتوو پەسەند بکرێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئەوەشی خستە ڕوو، ڕێککەوتن کراوە پڕۆژەیاسای "بەخشین و قەرزکردن" هەفتەی داهاتوو خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت.
هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە هیوادارن لە بودجەی ساڵی داهاتوودا کێشەی "پلەبەرزکردنەوە و عەلاوە"ـی فەرمانبەران چارەسەر بکرێت.