دواین هەواڵ

عێراق‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

ئاشکرابوونی دۆسیەیەکی گەورەی گەندەڵی؛ ١٧ هەزار چەکداری داعش لە لیستی شەهیدانی عێراق مووچە وەردەگرن

هەرێم نیوز

لە دۆسیەیەکی گەورەی گەندەڵیدا ئاشکرا بووە کە زیاتر لە ١٧ هەزار چەکداری کوژراوی داعش ناویان لە لیستەکانی مووچەی دامەزراوەی شەهیدانی عێراقدا تۆمار کراوە، پەرلەمانتارانیش جەخت لەسەر ڕاگرتنی ئەو مووچانە و سزادانی تەزویرکاران دەکەنەوە.

وردەکاریی کەشفبوونی دۆسیەکە
عەبدولئیلا النائلی، سەرۆکی دامەزراوەی شەهیدانی عێراق ئاشکرای کردووە، پێشتر لەلایەن عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری پێشووتری ناوخۆیی عێراقەوە سی دی ڕادەستی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کراوە کە زانیاریی وردی تێدایە. بەپێی بەڵگەنامەکان، ١٧ هەزار و ٦٨٦ ناوی کوژراوانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لەناو لیستەکانی مووچەی شەهیداندا لە پارێزگاکانی سەلاحەدین، ئەنبار و نەینەوا جێگیر کراون و مووچە وەردەگرن.

لێدوانی پەرلەمانتاران و ڕێگریی یاسایی
ئەمڕۆ هەینی ١٤ی ئابی ٢٠٢٦، براکۆ شێرکۆ فاتیح، ئەندامی لیژنەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ڕایگەیاند، ئەوان ئاگاداری ئەو گەندەڵییە گەورەیەن، بەڵام لیژنەکەیان ناتوانێت هیچ هەنگاوێکی کرداری یان کۆبوونەوەیەک بکات تاوەکو کوتلە سیاسییەکان ئەندامەکانیان دیاری نەکەن و ڕێژەی یاسایی (نیساب) تەواو نەبێت.

ئەو پەرلەمانتارە جەختیشی کردەوە: "ناکرێت  جیاوازی نەکرێت لە نێوان بکوژانی پێشمەرگە و ئەو شەهیدانەی لە سەنگەرەکانی بەرگری لە نیشتمان شەهید بوون، هەروەها ڕێگە نادەین لەسەر حسابی گەل و خوێنی شەهیدان مووچە بۆ تیرۆریستان خەرج بکرێت."

ڕەتکردنەوەی خەرجکردنی مووچە بێ وردبینی
لە هەمان چوارچێوەدا، حسێن نعمە، ئەندامی لیژنەی شەهیدان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، وردبینیکردن لە دۆسیەکانی شەهیداندا بە ئامانجی پاراستنی مافی شایستە ڕاستەقینەکان و ئاشکراکردنی تەزویرکارانە.

ئاماژەی بەوەش کرد، شەرمەزارییە شەهیدێک کە گیانی خۆی لەپێناو وڵاتدا بەخشیوە یەکسان بکرێت لەگەڵ تیرۆریستێک کە تاوانی بەرامبەر ڕۆڵەکانی گەل ئەنجامداوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP