دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

بومەلەرزەیەکی بەهێز کەناراوەکانی ئیندۆنیزیای هەژاند و هۆشداری لە تسۆنامی دەدرێت

هەرێم نیوز

بومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.7 پلە ئیندۆنیزیای هەژاند و بەهۆیەوە نزیکەی 20 کەس گیانیان لەدەستداوە.

لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممەدا، بومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.7 پلە بەپێوەری رێختەر ناوچەی "فلۆریس"ی لە رۆژهەڵاتی ئیندۆنیزیا هەژاند، و زیانێکی زۆری بە خانوو و باڵەخانەکانی ناوچەکە گەیاند.

دوای روداوەکە و بەهۆی دەرچوونی هۆشیاریی لە ئەگەری دروستبوونی شەپۆلی تسونامی، هاووڵاتیان بە ترس و دڵڕاوکێیەکی زۆرەوە بەرەو ناوچە بەرزەکان رۆشتوون.
دەستەی روپێوی جیۆلۆجی ئەمریکی ئاشکرایکرد، بومەلەرزەکە لە قووڵایی 10 کیلۆمەتر رویداوە و سەنتەرەکەی 68 کیلۆمەتر لە باکوری رۆژئاوای شارۆچکەی "ئێندی" لە پارێزگای نوسا تەنگارای رۆژهەڵات بووە.

لەلای خۆشیەوە، دەستەی کەشوهەوا و جیۆفیزیکی ئیندۆنیزیا رایگەیاند، قووڵایی بومەلەرزەکەی بە 15 کیلۆمەتر بووە و ئاماژەی بەوەکردووە، سەنتەرەکەی 30 کیلۆمەتر لە باکوری رۆژهەڵاتی شاری "مبای" بووە، و هۆشیاریی توندیان لە ئەگەری گەیشتنی شەپۆلی تسۆنامی بۆ ناوچە کەناراوییەکان دابوو.

لە نوێترین پێشهاتدا، ئاژانسی رۆیتەرز پشتڕاستی کردەوە، شەپۆلی تسۆنامی بە بەرزیی کەمتر لە یەک مەتر لە چەند ناوچەیەک تۆمارکراوە، بەمەش مەترسییەکە لە ئاستی هۆشیارییەوە بووە راستییەکی مەیدانی و شەپۆلەکان گەیشتوونەتە کەناراوەکان.

ئاژانسەکە ئەوەشی خستوەتەڕوو، بەپێی نوێترین ئامار بەهۆی بومەلەرزەکەوە نزیکەی 20 کەس گیانیان لەدەستداوە.

شتر و لەساڵی 1992 هەمان دورگە ڕوبەری بومەلەرزەیەکی وێرانکەر بە گوڕی 7.7 پلە بە پێوەری ڕێختەر بوە كە بوە هۆی دروستبونی شەپۆلی تسۆنامی بەهێز کە بەرزییان گەیشتە شەش مەتر. بەپێی ئامارە فەرمییە سەرەتاییەکان، ئەو کارەساتە سروشتییە بوەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم دو هەزار و 500 کەس و برینداربونی هەزارانی دیکە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP