دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

عێراقچی: ئاڵوگۆڕکردنی پەیام بە مانای دانوستان لەگەڵ ئەمریکا نایەت

هەرێم نیوز
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت، تاران هێشتا هیچ بڕیارێکی نەداوە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ واشنتن، جەختیش دەکاتەوە کە ئاڵوگۆڕی پەیامەکان لە ڕێگەی قەتەر و پاکستانەوە بە دانوستانی ڕاستەوخۆ هەژمار ناکرێت.

هەڵوێستی تاران لەسەر دانوستانەکان و گەرووی هورمز
ئەمڕۆ شەممە ١٥ی ئابی ٢٠٢٦، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "شارئارا نیوز"ی ئێرانی ڕایگەیاند، ولاتەکەی هێشتا بڕیاری نەداوە دەست بە دانوستانەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکاتەوە.

عێراقچی گوتیشی: "دانوستانەکان لەگەڵ سەلتەنەی عومان جیاوازن و تایبەتن بە دیاریکردنی هێڵێکی دەریایی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە، پێویستیشە ئەمریکا مەرجە پێویستەکان جێبەجێ بکات تاوەکو جووڵەی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا دەست پێبکاتەوە."

پێشێلکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن و ڕۆڵی نێوەندگیرەکان
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوەی لە یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباددا هاتبوو کۆتاییهێنان بوو بە جەنگ، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکان بە دووبارە دەستپێکردنەوەی پێکدادانەکان ئەو یاداشتەی پێشێل کردووە. 

ڕوونیشی کردەوە: "ئێمە شتێکمان نەبووە بە ناوی ئاگربەست تاوەکو درێژ بکرێتەوە، بەڵکو کۆتاییهێنان بوو بە جەنگ و ئێستاش دۆخێکی نوێ هاتووه‌تە ئاراوە."

سەبارەت بە هەوڵی وڵاتانی نێوەندگیر، عێراقچی جەختی کردەوە کە نێوەندگیرەکان، چ قەتەر بن یان پاکستان، تەنیا پەیام ئاڵوگۆڕ دەکەن و لە پەیوەندیدان، بەڵام ئەمە بە هیچ جۆرێک بە مانای دانوستان نایەت، چونکە بڕیاری دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی فەرمی لەگەڵ ئەمریکا نەدراوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP