هەرێم نیوز
دوو هەفتەیە داهاتی نانەوتیی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بە هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ڕاپەڕینەوە لە سنووری هەفت ملیار دیناردا وەستاوە.
ئەمڕۆ هەینی، 14ـی 8ـی 2026، بەپێی نوێترین داتاکانی ماڵپەڕی شەفافییەت، داهاتی نانەوتیی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان لە ڕێکەوتی 8.8.2026ـەوە تا ئەمڕۆ 14.8.2026، بڕی ٧ ملیار و ٩٥٩ ملیۆن و ٣٤٢ هەزار و ٥٣٤ دینار بووە، لە کاتێکدا هەفتەی پێشووش لە سنووری ٧ ملیار و ٥٦٧ ملیۆن دیناردا بووە.
لە کۆی داهاتی ئەم هەفتەیەی ناوچەکە، بڕی ٦ ملیار و ٥٢٥ ملیۆن و ٨٩٢ هەزار و ٤١٤ دیناری بە شێوەی نەختینە بووە و ملیارێک و ٤٣٣ ملیۆن و ٤٥٠ هەزار و ١٢٠ دیناریشی بە شێوەی چەک تۆمار کراوە، کە ئەم داهاتانە لە دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە، گومرگ، رسوومات و داهاتی شارەوانییەکانەوە بەدەست هاتوون.