هەرێم نیوز
حکومەتی عێراق بڕیاری دا سندوقێکی تایبەت بۆ بەهێزکردنی تواناکانی بەرگریی ئاسمانی و دابینکردنی پێداویستییە سەربازییەکان دامەزرێنێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ـی 8ـی 2026، سەباح نەعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، فەرماندەی گشتی فەرمانی داوە بە دروستکردنی سندوقێک بۆ دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ بەرگریی ئاسمانی، هەروەها بڕیار دراوە پلانی گەشەپێدان و پڕچەککردنی بەرگریی ئاسمانی کە بڕیار بوو تا ساڵی ٢٠٣١ بخایەنێت، کورت بکرێتەوە بۆ تەنیا ٣ ساڵ.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتی ڕوونیشی کردەوە کە ئەم پاڵپشتییە کڕینی سیستەمی ڕاداری مەودا ناوەند و دوور، هێزی مووشەکی و سیستەمی پێشکەوتووی کۆنترۆڵی ئەلیکترۆنی دەگرێتەوە، بە ئامانجی کۆنترۆڵکردن و چاودێریکردنی ئاسمانی عێراق بە شێوەیەکی ناوەندی.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئاماژەی بە سەردانی شاندێکی باڵای ئەمنی و سەربازیی عێراق بۆ شاری ڕیازی پایتەختی سعودیە کرد و ئاشکرای کرد کە گفتوگۆکان چڕ بوونەتەوە لەسەر پاراستنی سنوورە نێودەوڵەتییەکان، ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە دەستدرێژی و پێشێلکارییەک.