هەرێم نیوز
ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" ئاشکرای کرد، حکومەتی عێراق بەنیازە پلانێک بۆ گەمارۆدان و سنووردارکردنی جووڵەی گرووپە چەکدارەکان لە ناوچەکانی جوڕف سەخەر و جوڕف نەداف جێبەجێ بکات، ئەمەش نیگەرانیی بەرپرسانی ئێرانی لێکەوتووەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ـی 8ـی 2026، سەرچاوە عێراقییەکان بۆ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت ئاشکرایان کردووە کە حکومەتی عێراق پلانێکی داڕشتووە بۆ گەمارۆدانی پێگە و بنکەکانی ئەو گرووپە چەکدارانەی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە سەرپەرشتی دەکرێن، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ هەڵوەشاندنەوەیان بە شێوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ.
بەپێی زانیارییەکان، پلانەکە بریتییە لە بڵاوەپێکردنی هێزەکانی سوپا و دژەتیرۆر لە دوای 30ـی ئەیلولەوە لە دەوروبەری ناوەندەکانی ئۆپەراسیۆنی گرووپەکان و ئەو ڕێگایانەی دەچنەوە سەر ئەو شوێنانە. ئامانج لەم هەنگاوە سنووردارکردنی جووڵەی پاڵپشتییە بۆ ناو بنکەکان و دەرەوەیان، هاوکات هێزە حکومییەکان قۆناغ بە قۆناغ خاڵی پشکنین دادەنێن بۆ چاودێریکردن و دەستبەسەرداگرتنی چەک، بەتایبەتی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک.
ئاماژەی بەوەش کردووە، پلانەکە بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر دوو ناوچەی باشووری بەغدا چڕبووەتەوە؛ ناوچەی "جوڕف سەخەر" کە بە مۆڵگەی کەتائیبی حزبوڵڵا دادەنرێت، و "جوڕف نەداف" کە مۆڵگەی بزووتنەوەی نوجەبایە.
ئەم هەنگاوانەی بەغدا، نیگەرانیی بەرپرسانی ئێرانی لێکەوتووەتەوە سەبارەت بە چارەنووسی ئەو چەکە ستراتیژییانەی لەبەردەستی گرووپەکاندان، هەروەها ئەو سەنتەرانەی فەرماندەیی کە ڕاوێژکارانی سوپای پاسداران تێیاندا کار دەکەن. لەم چوارچێوەیەدا، بەرپرسانی تاران بە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییان ڕاگەیاندووە، کە کاتی ئەم هەڵمەتە گونجاو نییە، چونکە بارودۆخی ناوچەکە وا دەخوازێت هاوپەیمانەکانیان دەست بە چەکەکانیانەوە بگرن لە عێراقدا.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ناوچەی جوڕف سەخەر لە ساڵی 2014ـەوە یەکێکە لە مۆڵگە سەرەکییەکانی گرووپە چەکدارەکان و وەک بنکەیەکی ستراتیژیی سەربازی بۆ نیشتەجێبوون، زیندان، کۆگا و کارگەی دروستکردنی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکاردەهێنرێت، کە گومان دەکرێت بووبێتە ناوەندێکی ئۆپەراسیۆنی سوپای پاسداران.
لە لایەکی دیکەشەوە، ناوچەی جوڕف نەداف لە باشووری ڕۆژهەڵاتی بەغدا، لە چەند ساڵی ڕابردوودا بووەتە بارەگا و دامەزراوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکانی دیکە.