هەرێم نیوز
ئاگربەستی کاتیی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران بەرەو کۆتایی دەچێت، لە کاتێکدا ناکۆکییەکی قووڵ لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە لەسەر چۆنیەتیی جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان، بەتایبەتی لە پرسەکانی تایبەت بە کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز و دۆسیەی ئەتۆمیی تاران.
لە کاتێکدا تەنیا چوار ڕۆژ ماوە بۆ کۆتاییهاتنی ئاگربەستە 60 ڕۆژەییەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران، هێشتا هەوڵەکانی نێوەندگیری بەتایبەت لەلایەن پاکستانەوە بەردەوامن بۆ گەڕاندنەوەی هەردوولا بۆ سەر مێزی گفتوگۆ، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نزیک قورس بێت.
پۆڵ سالم، شرۆڤەکاری کاروباری ئەمریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، ئەو یاداشتەی نێوان واشنتن و تاران ڕێککەوتنی کۆتایی نەبووە و تەنیا یاداشتێکی لێکتێگەیشتن بووە بۆ هێشتنەوەی هەندێک دۆسیە بە کراوەیی.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەمریکا دەیەوێت ڕۆڵی ئێران تەنیا لە پاراستنی ئاسایشی گەرووی هورمزدا بێت بێ ئەوەی مافی کۆنترۆڵکردنی هەبێت، بەڵام ئێران سوورە لەسەر ئەوەی کۆنترۆڵی تەواوەتیی گەرووەکەی بەدەستەوە بێت.
لە بەرامبەردا، ساڵح قەزوینی، توێژەری سیاسی ئاماژەی بەوە کرد کە دۆناڵد ترامپ و مەسعود پزیشکیان یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کردووە، بەڵام ئەمریکا بەهۆی پەستانەکانی تایبەت بە گەرووی هورمز و پارە سڕکراوەکانی ئێرانەوە پێوەی پابەند نەبووە، ئەمەش وای کردووە ئێران گەرووەکە دابخات و ئەمریکاش هێرشەکانی دەست پێ بکاتەوە.
قەزوینی ڕوونیشی کردەوە، بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ڕێژەی 60% وەک کارتێکی فشارە لەلایەن تارانەوە بەکاردەهێنرێت بۆ ئەوەی بەرامبەرەکەی ناچار بە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی بکات.
لای خۆیەوە، سامی نیسف، وەزیری پێشووی ڕاگەیاندنی کوەیت ڕایگەیاند، ئێران هەڵوێستێکی توندی گرتووەتەبەر و داواکارییەکانی قورس کردووە، ئەمەش پێدەچێت بەرەو بەریەککەوتنی سەربازییان ببات.
هۆشداریشی دا لەوەی، ئەگەر ئێران بەم شێوەیە بەردەوام بێت، لەوانەیە ببێتە مۆدێلێکی هاوشێوەی کۆریای باکوور کە سیستەمێکی داخراوە و خەڵکەکەی بەدەست قەیرانی ئابوورییەوە دەناڵێنن، بۆیە پێویست بوو تاران لەپێناو باشکردنی بژێویی هاووڵاتییانیدا نەرمی بنوێنێت.
لە کۆتاییدا غانم عابد، سیاسەتمەداری عێراقی ڕایگەیاند، ئاماژەکانی گرژبوونەوەی دۆخەکە زیاترن لە هەوڵەکانی ڕێککەوتن، بەتایبەت دوای ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای لە باڵیۆزخانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە ژمارەی کارمەندانیان کەم بکەنەوە و ئامادەکاری بکەن، کە ئەمەش نیشانەی ئەگەری پێشهاتی نوێیە، هاوکات ڕەخنەیشی لە تاران گرت کە گرەو لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دەکات لەبری ئەوەی بژاردەی دیپلۆماسی و ئاشتییانە هەڵبژێرێت.