دواین هەواڵ

عێراق‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەرنامەی کاری حکوومەتی بۆ چوار ساڵی داهاتوو پەسەند کرد

هەرێم نیوز

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەرنامەی کاری گشتگیری حکوومەت بۆ چوار ساڵی داهاتوو پەسەند دەکات و بە مەبەستی پەسەندکردن و دەنگدان ڕەوانەی پەرلەمانی دەکات.
ئامانجە ئابووری و داراییەکانی بەرنامەکە
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٢ی ئابی ٢٠٢٦، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەرنامەی کاری حکوومەتی بۆ ساڵەکانی ٢٠٢٦ تا ٢٠٢٩ پەسەند کرد. بەرنامە نوێیەکە لە ١٣٩ بڕگەی سەرەکی پێکدێت و وەک نەخشەڕێگەیەک بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان و هێنانەئارای گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا سەیر دەکرێت.

حکوومەتی عێراق لە ڕێگەی سەردەمیانەکردنی کەرتی دارایی و بانکەکان، زیادکردنی وەبەرهێنان لە سەرچاوە نانەوتییەکان، بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و بەهێزکردنی ئاسایشی زانیارییەکان، هەوڵی کۆتاییهێنان بە پشتبەستنی تەواو بە داهاتی نەوت دەدات. هاوكات بڕیارە ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان و سەقامگیریی دارایی دابمەزرێنرێت تاوەکو دەروازەکان بە ڕووی سەرمایەگوزاریی ناوخۆیی و بیانی دا واڵا ببن.

سەروەری، ئاسایش و خزمەتگوزارییە گشتییەکان
لە ڕووی ئاسایش و سەروەرییەوە، بەرنامەکە جەخت لە یەکپارچەییی بڕیاری سیاسی و سەربازی دەکاتەوە و بڕیارە سەرجەم توانا چەکدارییەکان لە ژێر چەتری یاسایی دەزگاکانی دەوڵەتدا یەک بخرێن، تاوەکو سەربەخۆیی بڕیاری سیاسیی عێراق بپارێزرێت.

لە لایەکی دیکەوە، خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی وەک پەروەردە، تەندروستی، ڕێگاوبان، ژێرخانی ئاو و ژینگە وەک لەپێشینەی کارەکان دیاری کراون. هاوكات حکوومەت پابەندبوونی خۆی بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، بەرەنگاربوونەوەی هەژاری و بەهێزکردنی ڕۆڵی کارگێڕی و سیاسیی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیارداندا دووپات کردووەتەوە.





Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP