دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

سێنتکۆم: زیاتر لە 50 هەزار سەربازی ئەمریکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خراونەتە ئامادەباشییەوە

هەرێم نیوز

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایدەگەیەنێت، بۆ دوازدەیەمین شەوی لەسەریەک زنجیرەیەک هێرشیان بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی ئێران ئەنجام داوە و زیاتر لە 50 هەزار سەربازیشیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئامادەباشیی تەواودان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی 7ـی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، کاتژمێر 10:30ـی شەوی 22ـی تەممووز بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا، هێزەکانیان قۆناغێکی دیکەی هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران تەواو کردووە کە ئەمە 12هەمین شەوی لەسەریەکە بۆردومانەکان بەردەوامن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هێزەکانی ئەمریکا ئامانجە سەربازییەکانی ئێرانیان پێکاوە، لەوانەش توانستە دەریاییەکان، کۆگاکانی مووشەک و درۆن، پێگە چاودێرییەکانی کەناراوەکان و سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی. ئاماژە بەوەش کراوە کە ئامانج لەو هێرشانە، لاوازکردنی زیاتری تواناکانی ئێرانە بۆ هێرشکردنە سەر دەریاوانانی مەدەنی و کەشتییە بازرگانییەکان.

سێنتکۆم ئەوەشی ئاشکرا کردووە، لەم مانگەدا هێزەکانی ئەمریکا دەیان پێگەی سەربازیی ئێرانیان لەسەر زەوی کردووەتە ئامانج و هاوکات گەمارۆکانیان لە دەریادا بۆ سەر ئەو وڵاتە دەستپێکردووەتەوە. 

تاوەکو ئەمڕۆش، سێنتکۆم ئاراستەی نۆ کەشتیی بازرگانی گۆڕیوە و یەکێکیشی لەکار خستووە، ئەوەش بۆ ڕێگریکردن لە چوونەناوەوە یان دەرچوونی کەشتییەکان لە بەندەرەکانی ئێران.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، لە ئێستادا زیاتر لە 50 هەزار سەربازی ئەمریکی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگیر کراون و لەوپەڕی ئامادەباشی و هۆشياريدان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP