هەرێم نیوز
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، ئێمە بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە دڕندانە دەکەین کە لەلایەن قەوارەی ئیسرائیلەوە لە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی بێ بەرگری لە کەرتی غەززە ئەنجامدراون.
دەشڵێت، ئەم کردەوە شەڕانگێزانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی و مرۆیی پێکدەهێنن و ڕاستەوخۆ خەڵکی مەدەنی بێتاوان دەکەنە ئامانج، ئەمەش پشتڕاستکردنەوەی بەردەوامی سیاسەتی سەرکوت و دەستدرێژیکردنە کە لەلایەن قەوارەی ئیسرائیلەوە دژی گەلی فەلەستین پەیڕەو دەکرێت.
ئاماژەی بەوەش کردووە، عێراق داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و یاسایی خۆی بگرێتە ئەستۆ و هەنگاوی بەپەلە بگرێتەبەر بۆ کۆتاییهێنان بەم پێشێلکارییە قورسانە و پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی فەلەستینی لە درێژەی ئەو هێرشانە کە پێچەوانەی سەرەتاییترین بنەماکانی مافی مرۆڤن.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، عێراق پاڵپشتیی چەسپاوی خۆی بۆ گەلی فەلەستین دووپات دەکاتەوە لە خەباتی دادپەروەرانەی خۆیان بۆ گەیشتن بە ئازادی و مافە ڕەواکانیان، لەوانەش مافی چارەی خۆنووسین و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان.