هەرێم نیوز
وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایدەگەیەنێت، ئیسرائیل لە بارەی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی بۆسەر کەرتی غەززە ڕاوێژی لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کردووە.
کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند: بەرپرسانی ئیسرائیل پێشوەختە ئیدارەی ترەمپیان لە هێرش و ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە نوێیەکەی غەززە ئاگادارکردووەتەوە.
هاوکات، بزووتنەوەی حەماس لە بەیاننامەیەکدا بانگەوازێکی بەپەلەی بۆ وڵاتانی عەرەبی و نێودەوڵەتی نارد و داوای لێکردن ئیسرائیل لە هێرشەکانی سەر کەرتی غەززە ڕابگرن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئیسرائیل لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە 35 هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر کەرتی غەززە لە ئەنجامدا 330 کەس کوژراون و سەدان کەسی دیکەش برینداربوون لە نێویاندا ژن و منداڵ هەن.
دوای كۆتایی هاتنی ئاگربەستی غەززە، ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردەوە و ڕایگەیاند تاوەکو سەرجەم بارمتەکان ئازاد نەکرێن هێرشەکانیان بۆ سەر ئەو کەرتە بەردەوام دەبن.