دواین هەواڵ

کوردستان‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

پارتی و یەکێتی لە هەولێر کۆدەبنەوە

هەرێم نیوز

دوای کۆبوونەوەی  نێوان مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، شاندی باڵای پارتی و یەكێتی لە هەولێر هەڵوەستە لەسەر دوایین هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەکەن.

 ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، لە شاری هەولێر جارێکی دیکە شاندی باڵای پارتی و یەكێتی کۆدەبنەوە، لەبارەی دوایین هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ دەکەن.

 تاوەکو ئێستا لێکتێگەیشتن لەسەر 90% خاڵەکان کراوە، لەم کۆبوونەوانە کار لەسەر تێگەیشتنی زیاتر لەسەر خاڵە ناکۆکەکان دەکرێت، بەئامانجی ئەوەی لە زووترین کاتدا پێکهێنانی حکومەتی نوێ ڕابگەیێنن.

کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی شاندی باڵای پارتی و یەکێتی، دوای دیدار و کۆبوونەکەی ڕۆژی یەکشەممە 16ـی3ی 2025، نێوان مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دێت، کە دوای کۆبوونەوەکە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی "ئەمڕۆ پێشوازیمان لە بەڕێز بافڵ تاڵەبانی کرد و گفتوگۆمان لەبارەی هەنگاو و ڕێکارەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد."

هاوکات دەڵێت: هەردوولامان کۆبوونەوەکانمان بە ئەرێنی هەڵسەنگاند و هاوڕابووین لە سەر گرنگیی پێکهێنانی حکوومەتێکی بەهێز و یەکگرتوو و خزمەتگوزار.

هەروەها کۆتا کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی چوارشەممە 26ی شوباتی 2025، بوو، کە درێژکراوەی کۆبوونەوەی پێشووتر بوو کە لە سلێمانی بەڕێوەچوو بوو، لە کۆبوونەوەکەداڕەشنووسێکی 15 لاپەڕە ئامادەکرابوو کە بنەما بێت بۆ کاری هاوبەش و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP