دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە باڵوێزی نوێی هیندستان دەكات

هەرێم نیوز

هیندستان پشتیوانی بۆ چاکسازییەکانی سیستمی بانکی لە هەرێمی کوردستان دەردەبرێت و کاریش دەکەن بۆ دەستپێکردنی گەشتی ڕاستەوخۆی ئاسمانی لەنێوان هەولێر و نیودەلهی.

ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە سۆمین باگچی، باڵیۆزی نوێی هیندستان لە عێراق کرد.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەوەی خستووەتە ڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا، کە مادان گۆپال، کونسوڵی گشتیی هیندستان لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا تاوتوێ کرا.

ئاماژە بەوەش کراوە "سەرۆکی حکوومەت وێڕای پیرۆزبایی دەستبەکاربوون لە باڵیۆز، پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ دەربڕی. هەروەها جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هیندستان کردەوە. هەروەها سەرۆکی حکوومەت سوپاسی کونسوڵی گشتیی هیندستانیشی کرد بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی."

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، باڵیۆزی هیندستان ستایشی پرۆسەی پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەرێمی کوردستانی کرد و خواستی وڵاتەکەی بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە، بە تایبەتی لە بوارەکانی تەکنەلۆژیای زانیاری و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و پشتیوانیکردنی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم لە سیستەمی بانکی.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کردووە، باڵیۆزی هیندستان هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە کار بۆ ئەوە دەکەن گەشتی ڕاستەوخۆی فڕۆکەوانی لەنێوان هەولێر و شارەکانی هیندستان هەبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP