دواین هەواڵ

جیهان‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

ترەمپ: ئێران لە پشت هێرشی حووسییەكانە

هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، ئێران لە پشت هێرشی حووسییەكان بۆ سەر كەشتییە ئەمریكییەكان وەستاوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 17ی 3ی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ڕایگەیاند: ئێران لە پشت هێرشی حووسییەكان بۆ سەر كەشتییە ئەمریكییەكان وەستاوە، هەر هێرشێكی نوێ ئێران ئاراستەی دەكات و وەڵامێكی بەهێزمان دەبێ.

ترەمپ لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (تروس سۆشیال) دەڵێ: "پێویست ناكات كەس فێڵمان لێبكات، سەدان هێرشی حووسییەكان لەلایەن ڕێگر و بەڵتەچییە توندڕۆكانی یەمەنەوە دەكرێن، ئەوانە كە گەلی یەمەنیش ڕقی لێیانە، هەموویان سەرچاوەكەیان ئێرانە و ئەو دروستی كردوون."

ئەوەشی خستەڕوو: "هەرهێرشێك یان كاردانەوەیەكی دیكە لە حووسییەكانەوە بكرێ، ڕووبەڕووی هێزێكی زۆر دەبنەوە، هیچ گرەنتییش نییە ئەو هێرشە لەو ئاستەدا بوەستێت."
دەشڵێ: ئێران هاوكاریی حوسییەكان بە چەك و پارە و كەرەستەی سەربازی دەكات، تەنانەت لەڕووی زانیاریی هەواڵگریشەوە هاوكارییان دەكات.

ئاماژەی بەوەشکرد: "هەر گولەیەك حووسییەكان بیتەقێنن، ئەو گولەیە لەلایەن چەك و فەرماندەكانی ئێران تەقێنراوە، ئەوەش ئاكامی زۆر خراپی دەبێ."

لەم هەفتەیەدا پێكدادانی حووسییەكان بۆ كەشتییە ئەمریكییەكان و هێرشی ئاسمانیی ئەمریكا بۆ سەر حووسییەكانی یەمەن چڕ بووەتەوە، بەوەش 53 چەكداری حووسی كوژراون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP