هەرێم نیوز
ئیدارەی ئەمریکا داوا لە حکومەتی عێراق دەکات لەگەڵ هەرێمی کوردستان کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گرێبەستەکانی ئەو کۆمپانیا ئەمریکییانە بکات، کە لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان کاردەکەن و قەرزەکانیان بدەنەوە.
مایكڵ واڵتز، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا لە راگەیەندراوێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە پلاتفۆڕمی ئێكس بڵاویكردەوە، لەمیانەی پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانى، سەرۆك وەزیرانی عێراق پرسی وزە، كێشەی نەوت و قەرزەكانی عێراقیان تاوتوێكردووە.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان پێویستە بۆ چارەسەری كێشەكان و دانەوەی قەرزی كۆمپانیا ئەمریكییەكانی بواری وزە هەماهەنگی لەگەڵ یەكتر بكەن.
راشیگەیاند: دەبێت عێراق دەستوبرد بكات لە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەرەكانی جەیهان لە پێناو ئەوەی نرخی بەرزی نەوت جارێكی دیكە جێگیری بەخۆیەوە ببینێت و هۆكارێكی دیكەش بێت تا بەغداد لە بواری وزەدا چیدیكە پشت بە تاران نەبەستێت.