هەرێم نیوز
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، داواکاریی وەزارەتی دارایی بۆ ناردنی زانیاریی بانکی فەرمانبەران پێچەوانەی یاسای بانکەکانی عێراقە و لەسەر ئەو بنەمایەش ئەو زانیارییە نادرێتە وەزارەتی دارایی، داواش دەکات وەزارەتەکە لە دروستکردنی ئاستەنگی بۆ ناردنی مووچە دەستهەڵبگرێت.
د.شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە نوسراوێکدا کە دوێنێ ئاڕاستەی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقی کردووە تێیداهاتوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندیی و داواکارییەکانی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی جێبەجێکردووە، بەڵام وەزارەتەکەتان تائێستاش بەردەوامە لە دروستکردنی ئاستەنگیی بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بەپاساوی ئەوەی داتا و ئاماری تایبەت بە بەبانیکردنی مووچەتان بۆ ڕەوانە نەکراوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، بەگوێرەی ڕێنماییەکان زانیاریی تایبەت بە هەژماری بانکی فەرمانبەران تایبەتە بە بانکەکان ئەویش بە ئامانجی دڵنیابوونەوە لە خاوەنی ڕاستەقینەی هەژمارەکە و بەکارنەهێنانی لە بابەتی وەک سپیکردنەوەی پارە، بەگوێرەی یاسای بانکەکانی عێراقیش زانیاریی خاوەن هەژمار تەنیا بەیاسا یان بڕیاری دادگا لەگەڵ لایەنێکی دەرەکی هاوبەشی پێدەکرێت، ئەوەش بۆ پاراستنی متمانەی بانکییە، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پاڵپشت بەو یاسایە و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، هەژماری منی بۆ فەرمانبەران ڕاگەیاندووە.
لە نوسراوەکەشداهاتوە، فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەتەکەتان پابەندبکەن بەوەی چیتر ڕێگریی و ئاستەنگی پێچەوانەی یاسا و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دروستنەکەن، چونکە بەهۆیانەوە ناردن و دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا دەستپێناکات و فەرمانبەران شایستەکانیان دواکەوتووە.