هەرێم نیوز
ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری ڕایگەیاند، لێکگەیشتن لەنێوان حکوومەت و پەرلەمان هەیە سەبارەت بە بودجەی ساڵی 2025، دەشڵێت، پێشبینی دەکرێت پێش کۆتایی هاتنی مانگی ڕەمەزان بگاتە پەرلەمان.
ئەمڕۆ دووشەممە، 10ـی 3ی 2025، مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری ڕایگەیاند، لێکگەیشتن لە نێوان لیژنەی دارایی پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی هەیە سەبارەت بە خشتەی بودجەی 2025، جەختیشی کردەوە، ڕێککەوتن کراوە لەسەر وادەی ناردنی و دەنگدان بە خشتەی بودجە.
ڕوونیشی کردەوە، ماددەی 77 بڕگەی دووەمی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵی 2023، باس لەوە دەکات وەزارەتی دارایی ساڵانە خشتەکانی بودجە پێشکەش دەکات، لەگەڵ هەموارکردنەوەی خەرجییەکانی کارکردن و وەبەرهێنان.
ئاماژەی بەوەش کردووە، وەزارەتی دارایی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2025 ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات بۆ گفتوگۆ و دەنگدان لەسەری، دواتر ئەو خشتانە ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکرێت.
ڕاشیگەیاند، پێشبینی دەکرێت خشتەی بودجە پێش کۆتایی مانگی ڕەمەزان بگاتە پەرلەمان.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە مانگی حوزەیرانی 2023، پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر ڕەشنووسی یاسای بودجەی گشتیی بۆ ساڵانی دارایی (2023، 2024، 2025) دا، بۆ پەسەندکردنی خشتەی بودجەی تایبەت بۆ ئەو سێ ساڵە.