هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی هەرێم لە بڕیارێکی نوێدا لێخۆشبوونی تەواوی بۆ قەرزی سوودی بانکی کشتوکاڵی جوتیاران دەرکرد.
بەپێی نووسراوێکی فەرمی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم کە ئەمڕۆ یەکشەممە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکە پسپۆڕییەکان کراوە و واژووی ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری لەسەرە، تێدا هاتووە" پاڵپشت بە نوسراوی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (١٥٧٨٦) لە ١٢-١١-٢٠٢٤، رەزامەندی درا لەسەر لێخۆشبوون لە سوودی بانکی کشتوکاڵی ئەو جوتیارانەی نەیانتوانیوە قەرزەکانیان بەهۆی قەیرانی داراییەوە بدەنەوە".
لە نوسراوەکەدا هاتووە" ئەوانەی کۆی قەرزەکانیان گەڕاندووەتەوە، تەنها سوودەکەیان لەسەر ماوەتەوە، ئەم لێخۆشبوونە دەیانگرێتەوە".
هەروەها جوتیار پێویستە لە ماوەی ساڵی دارایی (٢٠٢٥) قەرزەکە بگەڕێنێتەوە، بە مەرجێک لە سێ گوژمە زیاتر نەبێت و لێخۆشبوونەکە لە دوای وەرگرتنەوەی دوایین گوژمە بۆی دەکرێت.