هەرێم نیوز
بەڕێوەبەری بەرھەمھێنانی کارەبا ڕایگەیاند، پرۆژەی روناكی یەكێكە لە ئاواتەكانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، دەشڵێت، "بۆ كیلۆواتێك 156 دینار لەسەر حكومەت دەكەوت، 18 دینار لەخەڵكی وەردەگیرا".
فارس میرخان، بەڕێوەبەری بەرھەمھێنانی کارەبا بۆ ماڵپەری فەرمی پارتی ڕایگەیاندووە، پڕۆژەی ڕووناکی لە ھەرێمی کوردستان یەکێکە لە ئاواتەکانی سەرۆکی حکوومەت و وەزارەتی کارەبا، هاوکات پڕۆسەکەش زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت، بەپێی پلان و بەرنامەی حکوومەت ھەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەن کارەبای ٢٤ کاتژمێری، بۆیە ئەوەی باس لە گرانی نرخی ئەو کارەبایە دەکات ڕاست نییە، چونکە چەند حاڵەتێک باسکران كە خۆمان بە دواداچوونمان بۆ کردن.
ئاماژەی بەوەش کردووە، یەک دوو کەسی بەتەمەن باسیان لەوەکرد ٥٠٠ ھەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە، دیار بوو لەوکاتەی کارەبای ٢٤ کاتژمێری ھەبووە کارەبای باشیشی بەکارھێنابوو ئەوەندەی بۆ ھاتبووە و یەکێکی دیکەش دووکاندارێک بوو باسی لەوەکرد پارەیەکی زۆری بۆ ھاتۆتەوە دیاربوو دووکانەکەی ئامێرێکی زۆری کارەبایی دانابوو، بۆیە بەپێی بەکارھێنانی کارەبا پارەیان بۆ دەگەڕێتەوە مانگانە.
فارس میرخان باس لەوەش دەکات، نرخی کارەبای ٢٤ کاتژمێری لەگەڵ ئەو کارەبایەی ئێستا ھەیە تۆزێک جیاوازی ھەیە، چونکە پێشتر و ئێستاش حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پێدانی کرێی کارەبا پاڵپشتی ھاووڵاتیان دەکات، کە لەسەر حکوومەت بە ١٥٦ دینارە بۆ ھەر کیلۆ واتێک، واتا حکوومەت تەنھا ١٨ دیناری وەردەگرت و ئەوەی دیکە حکوومەت دەیدا، ئێستاش کە بۆتە ٢٤ کاتژمێری کارەبا ناگاتە ئەو نرخەی حکوومەت خۆی بەرھەمی دەھێنێت، بۆیە لەو پڕۆژەش حکوومەت خۆی پاڵپشتی دەکات.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەگەر خێزانێک ئێستا کارەبای مۆلیدە چوار ئەمپێر بەکار بێنێت دەگاتە نزیکەی ٧٠ ھەزار دینار ئێستا بەو پارەیە ٢٤ کاتژمێر کارەبای بەردەوامت دەبێت و دەتوانی ھەموو ئامێرەکانی کارەباییش پێبکەی و ئەگەر کەمتریش بێت کەمترت بۆ دێتەوە، بۆیە ئێستا پڕۆسەکە لە ھەولێر و سلێمانی و دھۆک و سۆران و سەنتەری شارەکان دەستیپێکردووە و تاوەکو ٢٠٢٦ ھەموو خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەن کارەبای ٢٤ کاتژمێری.