هەرێم نیوز
پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی یەکێک لە تۆمەتبارەکانی ڕاگەیاند کە بەشێوەیەکی هەڕەمەکی تەقەی لە کەسێکی دیکە کردووە، بەهۆی ناکۆکی نێوانیانەوە.
چوارشەممە، 12-2-2025، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە راگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند: “دوای ئەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوەوە کە دوو کەس بەشێوەیەکی هەڕەمەکی لە بەرامبەر کەسێک تەقە دەکەن لەسەر هەبوونی کێشەیەک، دەستبەجێ تیمەکانمان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد".
ئەوەشی خستەڕوو: “لەسەر فەرمانی دادوەر تۆمەتبارێکیان دەستگیرکراوە”.
باسی لەوەشکرد: " هەر کەسێک هەوڵی ناسەقامگیری ئاسایش و سەقامگیری یان سەرپێچی یاساکان بدات بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، هەروەها دەدرێنە دادگا بۆ وەرگرتنی سزای یاسایی".