هەرێم نیوز
دادگای فیدراڵی عێراق، لەبارەی هەر سێ یاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکەی، باری هەمواری باری کەسی و لێبوردنی گشتی بڕیاریدا بەوەی راگرتنەکە هەڵبوەشێتەوە و یاساکان جێبەجێ بکرێن.
دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری خۆی لەبارەی ئەو سكاڵایانە راگەیاند كە لەسەر هەر سێ یاسای (لێبوردن- گەڕاندنەوەی موڵكەكان- هەمواری باری كەسێتیی) تۆماركرابوون، هەموو سكاڵاكانی رەتكردەوە.
سكاڵاكارەكان لەم كەیسەدا بریتی بوون لە (5) پەرلەمانتار، كە تانەیان دابوو لە دانیشتنی رۆژی 21ی مانگی رابردووی پەرلەمانی عێراق، دانیشتنێك كە تێیداو بەیەكەوە دەنگ لەسەر سێ یاساكە درا.
ئەوانەی سكاڵایان لەسەر یاساكان تۆماركردووە باس لەوە دەكەن هەندێك لە یاساكان نادەستوریین، هەندێكی تر سكاڵایان لەسەر دانیشتنی رۆژی 21ی مانگی رابردووی پەرلەمان هەیەو دەڵێن لەڕووی پەیڕەوییەوە نابێت سێ یاسا لە یەك كاتداو بەیەكەوە دەنگدانیان بۆ بكرێت.
ئەم سێ یاساكان ماوەیەكی زۆر بوو لەنێوان شیعەو كوردو سوننەدا مشتومڕیان لەسەر بوو، هەندێك لەم یاسایانە كرابوون بە بەشێك لە بەرنامەی كاری كابینەی محەمەد شیاع سودانی.
یاساكان ئەمانەن:
- یاسای لێبوردنی گشتیی: ئەمە خواستی پێكهاتەی سوننەی لەسەر بوو، بەوپێیەی هەزاران كەس لە خەڵكی ئەم پێكهاتەیەك لەساڵانی رابردوودا لەلایەن دادگاكانی عێراقەوە بەتاوانی تیرۆر حوكمدرابوون، بەشێك لەمانە تەنیا راپۆرتی هەواڵدەری نهێنیان لەسەر بووەو سەركردەكانی سوننە دەڵێن بەزۆر دانپێدانانیان لێوەرگیراوە، بۆیە سوننە بە دەرچوونی ئەم یاسایە دەستكەوتێكی سیاسی گەورەی دەستكەوت.
- یاسای گەڕاندنەوەی موڵكەكان بۆ خاوەنەكانیان: ئەم یاسایە خواستی كوردی لەسەر بوو، بۆ گەڕاندنەوەی هەموو ئەو موڵكانەی كوردو پێكهاتەكانی تری وەكو توركمانە لە ناوچە جێناكۆكەكان بەهۆی هەندێك لە بڕیارەكانی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی هەڵوەشاوە (بەعس)، بەشێك لە شیعەكان لەم یاسایە ناڕازین و دەڵێن بەهۆی ئەم یاسایەوە بەشێكی زۆر لە "تیرۆرستان" ئازاد دەكرێن كە بەوتەی ئەوان خەڵكیان كوشتووە، ئەوەی جێگەی سەرەنجە ئەوەیە چەند رۆژی رابردوو پەرلەمانتارێكی شیعە ئەوەی ئاشكراكرد بەهۆی ئەم یاسایەوە ئەو فەرمانی دەستگیركردنەش هەڵدەوەشێتەوە كە دادگای عێراق لەسەر كەیسی كوشتنی هەریەكە لە قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس بۆ (دۆناڵد ترەمپ)ی سەرۆكی ئەمریكا دەریكردووە.
- یاسای هەمواری باری كەسێتیی: ئەم یاسایە لەسەر داوای شیعەكان داواكرا، یاساكە رێگە بە جێبەجێكردنی فیقهی جەعفەری دەدات و بەپێی ئەوەش دەرگا دەكاتەوە لەبەردەم بەشوودانی كچانی خوار تەمەن، ئەمە بەلای شیعەكانەوە گرنگ بوو لەو ڕوانگەی مەزهەبی شیعە بەسەر ناسنامەی عێراقدا زاڵ ببێت، بەڵام یاساكە رووبەڕووی ناڕەزایەتیی زۆری هێزو گروپە مەدەنییەكان بووەوە.
رۆژی 4ی ئەم مانگە، لەسەر بنەمای سكاڵاكان، دادگای باڵای فیدراڵی فەرمانسالارییەكی (امر ولائی) دەركرد بۆ راگرتنی كاركردن بە هەرسێ یاساكە تا ئەوكاتەی چارەنوسی سكاڵاكان یەكلادەكرێتەوە.
فەرمانسالارییەكەی دادگای ناڕەزایەتیی سونەكانی بەدوای خۆیدا هێنا، رۆژی 5ی ئەم مانگە لە پارێزگا سوننەنشینەكان دەوام راگیراو ناڕەزایەتیی رێكخرا، سەرباری ئەمە ناكۆكیی لەبارەی (فەرمانسالاریی) لەنێوان دادگای فیدراڵی و ئەنجومەنی باڵای دادوەریی دروستبوو.
رۆژی 5ی ئەم مانگە، بەپێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە، ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق دادگاكانی پابەندكرد بە جێبەجێكردنی هەر سێ یاسای (لێبوردن- گەڕاندنەوەی موڵكەكان- هەمواری باری كەسێتیی)، بەمەش جارێكی تر دادگای فیدراڵی و ئەنجومەنی دادوەریی دەكەونەوە بەرامبەر یەكتر.
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی رایگەیاند: بڕیارە سالارییەكان بڕیاری كاتین و هێزی كۆتایی و پابەندكەریان نییە، كە ئەمە سیفەتی هاوەڵە لە هەموو حوكمە بنبڕەكاندا، بۆ ئەمەش ئەنجومەنی دادوەریی پەنای بۆ ماددەی (129)ی دەستور برد كە رێگری دەكات لە پەكخستنی جێبەجێكردنی یاساكان ئەگەر هاتوو بڕیارێكی بنبڕ دەرنەچوو بوو لەبارەی نادەستورییبوونیان یاخود هەڵوەشاندنەوەیان لەلایەن ئەو لایەنەی كە دەریكردوون.
لەدوای پەسەندكردنی ئەم سێ یاسایەوە، تەنیا (یاسای لێبوردنی گشتیی) چووە بواری جێبەجێكردن، چونكە لە دەنگداندا وا دانراوە ئەم یاسایە لە رۆژی پەسەندكردنەوە دەچێتە بواری جێبەجێبەكردنەوە، دوو یاساكەی تر لە رۆژنامەی وەقایعی عێراق بڵاونەكراونەتەوەو نەچونەتە بواری جێبەجێكردنەوە.