هەرێم نیوز
سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، بەردەوام دەبن لە ناردنى پارەى مووچە بۆ مانگەکانى داهاتوو بە شێوەیەکى رێکوپێک بەو ئومێدەى لەو ماوەیەدا تێبینییەکانى دیکە لەبەرچاو بگیرێن کە وەزارەتى دارایی فدراڵ دیاری کردووە.
محەممەد شیاع سوودانى،سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵى شەرق ڕایگەیاند، پرسى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بە بودجەوە بەستراوەتەوە لە رێگەى وەزارەتى دارایی فیدڕاڵەوە، بە گوێرەى بڕیارى دادگاى باڵاى فیدڕاڵى و میکانیزمێک بۆ بەجێکردنى مووچە و رادەستکردنى داهات دیاری کراوە.
وتیشی "کێشەى تەکنیکى هەبووە و بەم دواییە تێپەڕێنرا و مووچەى مانگى کانوونى دووەم نێردرا."
سودانی لە چاوپێکەوتنەکەدا وتی بە ڕۆحى هاوبەشی و هاریکاری، توانیویانە چەندین خاڵى ناکۆک لەگەڵ هەرێمى کوردستان تێپەڕنن.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوەى پەیوەندارە بە دۆسیەى مووچەوە کێشەى تەکنیکییە نەک هەڵوێستێکى سیاسىیی بەغدا.
لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتەکەیدا باسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانی کرد و وتی:" ئومێدەوارین بەمنزیکانە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان دەستپێبکاتەوە."