هەرێم نیوز
بەڕێوبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکا حەبێکی نوێی ئازارشکێن پەسەند دەکات کە ئامانجی کەمکردنەوەی مەترسی ئالوودەبوون و زیادەڕۆیی نەکردنە لە حەبی ئازار، ئەمەش ئەو شتەیە کە دەتوانێت قەیرانی دەرمانی ئۆپیۆید لە ئەمریکا کۆتایی پێبهێنێت.
دەرمانەکە ناوی جۆرناکس( Journavx) ە و لەلایەن کۆمپانیای ڤێرتێکس (Vertex)وە دروستکراوە بۆ کەمکردنەوەی ئازاری کورتخایەن دوای نەشتەرگەری یان برینداربوون و وادەکات خانەکانی دەمار ئاماژەی ئازار نەنێرن بۆ مێشک.ئەمە یەکەم حەبی نوێی ئازارە کە لە ماوەی زیاتر لە 20 ساڵدا بێتە بازاڕەوە.
بە پێچەوانەی ئۆکسیکۆدۆن و ماددە هۆشبەرەکانی دیکەوە کە دەبنە هۆی ئاڵوودەبوون چونکە کاریگەرییان لەسەر ناوەڕاستی مێشک هەیە، باوەڕوایە جۆرناکس دەرمانێک بێت کە نەخۆش ئاڵوودەی نەبێت چونکە خانەکانی دەرەوەی مێشک دەکاتە ئامانج.
پزیشک کییث هەمفریسی پرۆفیسۆر لە زانکۆی ستانفۆرد لە کالیفۆرنیا دەڵێت "دەرمانێکی کاریگەریی ئازارشکێن کە پێناچێت نەخۆش ئاڵوودەی ببێت و ئەمەش یارییەکە دەگۆڕێت."
دەرمانە نوێیەکە تەنها بۆ ئازاری کورتخایەن پەسەند کراوە، واتە ئەو ئازارانەی کە کەمتر لە سێ مانگ دەخایەنن. بۆ ئازاری درێژخایەن پەسەند نەکراوە.
پزیشک جاکلین کۆریگن کورای بەڕێوبەری کاربەڕێکەری ناوەندی توێژینەوە و هەڵسەنگاندنی دەرمانەکان وتی " پەسەندکردنەکەی ئەمڕۆ نیشانەیەکی گرنگی تەندروستی گشتییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئازاری کورتخایەندا."
لە دوو تاقیکردنەوەی کلینیکیدا، کە لە قۆناغەکانی کۆتاییدا بوون، لەسەر زیاتر لە 2000 کەسی پێگەیشتوو کە دوای نەشتەرگەری ئازارێکی مامناوەند بۆ توندیان هەبووە، جۆرناکس ئازارەکەی زیاتر کەمکردەوە لە پلاسیبو بەبێ ئەوەی هیچ کاریگەرییەکی خراپی لێبکەوێتەوە. بەڵام جۆرناکس هێندەی هایدرۆکۆدۆنی ئاڵوودەکار ئازاری کەم نەکردەوە.
تاقیکردنەوەیەکی کلینیکی ناوەند لەسەر نزیکەی 200 نەخۆش کە جۆرێک لە پەستانی دەمارییان هەبوو کە دەبێتە هۆی سیاتیکا، دەریخست کە جۆرناکس بە شێوەیەکی بەرچاو ئازاری کەم کردووەتەوە. بەڵام کاریگەریی جۆرناکس و پلاسیبۆ لەم توێژینەوەیەدا هاوشێوەی یەکتر بووە.
هەمفریس وتی " ئەنجامەکان بێگومان تێکەڵن، بەڵام تەنانەت ئەگەر جۆرناکس شوێنی دەرمانە هۆشبەرەکان بگرێتەوە لە هەندێک لە نەشتەرگەرییەکاندا، ئەوە وادەکات مەترسییەکانی سەر سیستمی تەندروستی بۆ توشبوون بە نەخۆشییەکانی بەکارهێنانی دەرمانی هۆشبەر کەم بکاتەوە."