هەرێم نیوز
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی شوباتی 2025، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدەدات.
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا چەندان تەوەر تاوتوێ دەکرێن، لەنێویاندا مووچەی فەرمانبەران، ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ و پەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجەی گشتیی عێراق.
لە بڕگەی یەکەمی كۆبوونەوەكەدا لە پێنج خاڵدا بارودۆخی دارایی و مووچە تاووتوێ دەكرێ كە بریتین لە:
1- ڕێکخستنەوەی باری دارایی و داهات و خەرجییەکان و میلاک و بواری وەزیفیی گشتیی.
2- پەسەندکردن و پابەندبوون بە میلاکی سەرجەم مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان (بە ژمارە و پلە و خەرجی) بۆ ساڵی دارایی 2025.
3- پەسەندکردنی ڕێکاری گواستنەوەی خانەنشینانی پێشمەرگە و سەربازی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و شایستەکانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی وەزارەتی دارایی.
4- پابەندبوون بە سنووری دیاریکراوی خەرجییەکانی بەکاربردن و وەبەرهێنان.
5- بەئەلیکترۆنیکردنی لیستەکانی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوە.
لە بڕگەی دووەمدا ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی دەكات لە پەسەندکردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە یاسای هەمواری ماددەی 12 لە یاسای بوودجەی گشتیی فیدڕاڵ تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم.
لە بڕگەی سێیەمدا ڕێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆ و بەشی وەزارەتەکان لە داهات و ناردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵ گفتوگۆ دەكرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە، بڕی 958 ملیار و 12 ملیۆن و 332 هەزار و 759 دینار وەک شایستەی مووچەی مانگی یەکی ساڵی 2025ی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.