دواین هەواڵ

جیهان‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

سەلوان مۆمیکا؛ ئەوکەسەی قورئانی سوتاند لە وڵاتی سوید کوژرا

هەرێم نیوز

کەناڵی ئێس تیڤیی سوید ڕایگەیاند، درەنگانی شەوی ڕابردوو، چوارشەممە، 29-01-2025، تەرمی سەلوان مۆمیکا، ئەو پەناخوازە عێراقییەی چەند جارێک نوسخەی قورئانی پیرۆزی سووتاندووە، بە کوژراوی لەنێو ماڵەکەیدا، لە گەڕەکی سوێدەرتالیا لە باشووری ستوکهۆلم دۆزراوەتەوە. 

هاوکات ماڵپەری "سوید 24"  ئاماژەی بەوە کردووە، ڕووداوەکە نزیکەی کاتژمێر 11:00ـی شەوی ڕابردوو بووە، کەسێک چووەتە نێو شوققەی سەلوان مۆمیکا، دەستڕێژیی گولـلـەی لێ کردووە و دوای ئەوەی گەیەندراوەتە نەخۆشخانە، گیانی سپاردووە. 

تاوەکوو ئێستە دامودەزگا ئەمنییەکانی سوید بە شێوەیەکی فەرمی کوژرانی ئەو پەناخوازە عێراقییانەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە. 

ئەمەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی چوارشەممە 28-6-2023، لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، مۆمیکا لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سویس نوسخەیەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند، دواتر سێ جاری دیکە دووبارەی کردەوە. ئەم ڕەفتارەی، جیهانی ئیسلامی و عەرەبی و تەنانەت ئەورووپاشی نیگەران کرد، بەهۆیەوە لە عێراق هێرشکرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە و سووتێندرا و عێراق باڵیۆزی خۆی لەو وڵاتە کشاندەوە و داوای لە باڵیۆزی ئەو وڵاتەش کرد عێراق بەجێبهێڵێت.  

سەلوان، کە لەلایەن دادگەکانی عێراق داواکراوە و عێراق بە فەرمی داوای رادەستکردنەوەی لە سوید کردووە، پێشتر لە بەغدا ژیاوە، دوای سەرهەڵدانی داعش لە ساڵانی 2016 و 2017 گرووپێکی چەکداریی بەناوی "کەتیبەکانی هەڵۆکانی سریان" و پارتی یەکێتیی سریانیی دیموکراتی دامەزراندووە.

ناوی تەواوەتی مۆمیکا "سەلوان سەباح مەتی مۆمیکایە" ڕۆژی 23-06-1986 لە شارۆچکەی حەمدانییە (قەرەقووش)ـی زۆرینە کریستیاننشینی سەر بە پارێزگای نەینەوا لە دایک بووە و چەند ساڵێکە لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP