هەرێم نیوز
ئاکسیۆس بڵاویکردەوە، کۆشکی سپی فەرمانی بە پنتاگۆن کردووە، ئەو کۆت و بەندەی کە لەلایەن ئیدارەی بایدنەوە سەپێنرابوو لەبارەی ناردنی بۆمبی وێرانکەری 2000 پاوندی (907 کیلۆگرام) بۆ ئیسرائیل هەڵبگرێت، دەشڵێت، هەزار و 800 بۆمبی جۆری MK-84 کە لە ئەمریکا لە کۆگادا هەڵگیراون، دەخرێنە سەر کەشتییەک و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەگەیەنرێنە ئیسرائیل.
سێ بەرپرسی ئیسرائیلی بە ئاژانسی هەواڵی ئاکسیۆسیان ڕاگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن)ـی ڕاسپاردووە، ئەو بڕیارەی کە ئیدارەی بایدن لەسەر دابینکردنی بۆمبی وێرانکەری 2000 پاوندی (907 کیلۆگرام) بەسەر ئیسرائیلدا سەپاندووە، هەڵوەشێنێتەوە.
ئاژانسەکە دەڵێت، بڕیارەکەی بایدن بۆ ڕاگرتنی گەیاندنی کاروانێک بۆمبی وێرانکەری 2000 پاوندی (907 کیلۆگرام) لە مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوودا، یەکێک لە گەورەترین قەیرانەکانی پەیوەندی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە ماوەی شەڕی 15 مانگی غەززەدا ڕووبەڕووی بووەتەوە.
بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە ئاژانسەکەی ڕایگەیاندووە، ڕۆژی هەینی حکومەتی ئیسرائیل لەلایەن پنتاگۆنەوە ئاگادارکرایەوە سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی بایدن.
بەرپرسان ئاماژەیان بەوەشکردووە، هەزار و 1800 بۆمبی جۆری MK-84 کە لە ئەمریکا لە کۆگادا هەڵگیراون، دەخرێنە سەر کەشتییەک و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەگەیەنرێنە ئیسرائیل.
کۆشکی سپی دەستبەجێ وەڵامی پرسیارەکانی سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی بۆمبەکانی نەدایەوە.
ئیدارەی بایدن نیگەران بوو لەوەی کە بەکارهێنانی ئەو بۆمبە دوو هەزار پاوەندییە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە ناوچە چڕەکانی دانیشتووانی غەززە دەبێتە هۆی زیانی بەرچاوی خەڵکی مەدەنی.
ئاژانسەکە دەڵێت، ناتانیاهۆ و دڵسۆزانی لە ئیسرائیل و ئەمریکا بڕیارەکەی بایدنیان بەکارهێنا بۆ ئەوەی بە درۆ ئیدیعای ئەوە بکەن کە "گەمارۆیەکی چەک"ی ئەمریکا لەسەر ئیسرائیل هەیە.
هەروەها بڕیارەکەی بایدن ڕەخنەی بەرچاوی کۆمەڵگەی جولەکەکانی ئەمریکای لێکەوتەوە کە زۆربەیان مەیلیان بۆ دیموکراتەکانە.
لە لایەکی دیکەوە، ئەو ڕاگرتنە هیچ سوودێکی نەبوو لە کاڵکردنەوەی ڕەخنەکانی پێشکەوتنخوازان لە بایدن لەسەر پشتگیریکردنی لە ئیسرائیل.
مایک هێرزۆگ باڵیۆزی دەستلەکارکێشاوەی ئیسرائیل لە ئەمریکا هەفتەیەک لەمەوبەر بە ئاکسیۆسی ڕاگەیاندبوو، کە چاوەڕوان دەکرێت ترەمپ بڕیارەکەی بایدن سەبارەت بەو بۆمبانە هەڵبوەشێنێتەوە.
هێرزۆگ ڕۆژی هەینی ڕابردوو لە چاوپێکەوتنێکدا وتی: ئێمە پێمان وایە کە ترەمپ بڕیارە، لە سەرەتای خولەکەیدا، ئەو تەقەمەنیانە ئازاد بکات کە تا ئێستا لەلایەن ئیدارەی بایدنەوە ئازاد نەکراون.