دواین هەواڵ

جیهان‌

 24 کاتژمێر پێش ئێستا

ئیسرائیل: پێشنیازی ترەمپ بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییانی غەززە "بیرۆکەیەکی نایابە"

هەرێم نیوز 

وەزیری دارایی ئیسرائیل رایگەیاند، پێشنیازی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی نوێی ئەمەریکا بۆ گواستنەوەی دانیشتووانی غەززە بۆ ئوردن و میسر، بیرۆکەیەکی نایابە و دەتوانن ژیانێکی نوێ لە دەرەوەی غەززە دەست پێ بکەن

ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ی 1ی 2025، نووسینگەی ڕاگەیاندنی بیزالیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە تێیدا هاتووە،  پێشنیازەکەی ترەمپ بیرۆکەیەکی نایابە. 

دەشڵێت، بیرۆکەی هاوکاریی (دانیشتووانی غەززە) بۆ دەستپێکردنی ژیانێکی نوێ و باش لە شوێنێکی دیکە، نایابە."

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا پێشتر ڕایگەیاندبوو، بە مەبەستی دابین کردنی ئاشتیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێشنیازی بۆ بەرپرسانی ئوردن و میسر کردووە، بە شێوەیەکی فراوانتر پێشوازیی لە خەڵکی غەززە بکەن تا ئەو کاتەی کەرتەکە ئاوەدان دەکرێتەوە، چونکە وەکوو خۆی وتی: "ئێستە غەززە وێرانە."

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ماوەی زیاتر لە 15 مانگی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، زیاتر لە 47 هەزار هاووڵاتیی مەدەنی کوژران و زیاتر لە 110 هەزاری دیکەشیان بریندار بوونە کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵن. 

لە میانی شەڕەکەدا، چەندان جار سوپای ئیسرائیل دانیشتووانی غەززەی ناچار بە گواستنەوە لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکەی کەرتەکە کرد، ئەمەش ناڕەزایەتیی کۆشکی سپی لێ کەوتبووەوە. سەرەڕای ئەمەش، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەندان جار کەمپی ئاوارەکانی بۆمباران کرد کە بەهۆیەوە هەزاران کەس کوژران و بریندار بوون. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP