دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

بارزانی: دوو مانگی دیکە چاوەڕێی لایەنەکان دەکەین بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت

هەرێم نیوز

 بارزانی باسی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەشداریی لایەنەکان دەکات و دەشڵێت: ڕێز لە هەڵوێستی هەمووان دەگرین.

بارزانی، لە دیدارێكی تەلەفیزیۆندا لەگەڵ كەناڵی عەرەبی شەمس ڕایگەیاند، "سەرکەوتن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە پێشبینییەکانی ئێمە بە دەر بوو، ئێمە متمانەمان بە سەرکەوتن و بردنەوە هەبوو، بەڵام بەو قەبارەیە نا. سوپاسی گەلی کوردستان دەکەم بۆ ئەم متمانە پڕبایەخە".

ئاماژەی بەوەشكرد، هەڵبژاردن بە گەلێک یاسای دادگای باڵای فیدراڵی بەڕێوەچو، ئۆپۆزیسیۆن هەمو هەوڵی خۆیدا بۆ ئەوەی لە ڕێگەیەوە کاریگەریی لەسەر پارتی دروست بکەن، بۆ ئەوەی لاوازی بکەن و دوچاری دۆڕانی بکەن. ئەمە ئامانجیان بو، بەڵام گەلی کورد هەموو ئەو گومانانەی پوکاندەوە و هەموو هەوڵەکانی شکست پێهێنا، سەرباری هەمو پیلانگێڕییەکان، پارتی بردنەوەیەکی گەورەی بە دەستهێنا، ئەگەر یەکبازنەش بوایە ژمارەی کورسییەکانی پارتی زیاتر لە 45 کورسی بوو، ئەگەر لەسەر ئاستی عێراق بێت و دەنگی کەرکوک و موسڵی بخەینە سەر، دەنگەکانی پارتی ملیۆنێك تێدەپەڕێنن و دەبێتە یەکەمی سەر ئاستی عێراق.

 بارزانی راشیگەیاند: لایەنە براوەكان، لە سەرەتاوە ئێمە گوتوومانە كە ڤیتۆمان لەسەر كەس نییە، هەریەك دەتوانێت بەپێی شایستەی هەڵبژاردن بەشداریی لە حكوومەت بكات. ئەمە بنەمایەكە پێموایە كە وەدیهاتووە، ئەگینا بۆچی هەڵبژاردن دەكرێت؟ دەكرێ لەپێناو بەرژەوەندیی نیشتمانی نەرمی لە هەندێك پێگەی دیاریكراو بكرێ.

ئێستا شاندێكی پارتی هەیە كە راسپێردراوە بۆ پەیوەندیكردن و دانوستاندن لەگەڵ هەموو لایەنەكان، دانوستان لەگەڵ هەموان كراوە. لە دوایین دیدارم لەگەڵ شاندەكە، هەنگاوێكی زۆر گەورەیان بڕیوە لەگەڵ شاندی یەكێتی، هیوا دەخوازین كە لە نزیكترین كاتی مومكیندا حكوومەت پێك بێت، بەڵام هەر لایەك هەوڵدەدات كە زۆرترین دەستكەوت بەدەست بهێنێت.

وتیشی، هیوادارم حکومەت بە زووترین کات پیکبهێنرێت و ڕێز لە بیروڕا و هەڵوێستی لایەنەکان دەگرین.

ئەوەشی خستەڕوو، هەتا دوا سات لەگەڵ لایەنەکان دەڕۆین و داوایان لێدەکەین بەشداری لە حکومەت بکەن، بەشێکی لایەنەکان دەڵێن با پێکهێنانی حکومەت بگاتە هەڵبژانەکانی فیدڕاڵ بەر لە مانگی 10و ئەمە جێگەی قبووڵکردن نییە، بەلایەنی زۆرەوە دەکرێت دوو مانگی دیکە چاوەڕێ بکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP