هەرێم نیوز
ئەمڕۆ سێشەممە، وەفدی تەكنیكی پارتی و یەکێتی لە هەولێر كۆدەبنەوە، سەرۆكی لیژنەی تەكنیكی یەكێتیش دەڵێت، بەشی زۆری كارەكانی داڕشتنی ستراتیژی بەڕێوەبردن تەواو كراوە.
بڕیارە کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ بۆ پێنجەم جار پارتی و یەکێتی لە هەولێر کۆببنەوە و گفتوگۆ لەبارەی هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بکەن.
پارتی و یەکێتی هەوڵەکانیان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان خێراتر کردووە، تاوەکو ئێستا چوار کۆبوونەوە لەلایەن شاندی تەکنیکی هەردوولا لەو بارەیەوە کراون، تێیدا تاوتوێی شەراکەتی هەردوولا لە حکومەت کراوە.
ڕێواس فایەق، ئەندامی شاندی تەکنیکی دانووستانەکانی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "کاتژمێر 12ی نیوەڕۆ کۆبوونەوەی شاندی تەکنیکی پارتی و یەکێتی دەست پێ دەکات"، دەشڵێت: ئێمە وەکو لیژنەی داڕێژەری ستراتیجیی بەڕێوەبردن، بەشی زۆری ئەرکەکانی خۆمان تەواو کردووە.
ئاماژەی بەوەشدا"ئەو خاڵانەی لەسەری ڕێک کەوتووین زۆر زیاترە لەو خاڵانەی لەسەری ڕێک نەکەوتووین، بەڵام جیاوازیی بیرووبۆچوونمان هەیە، هەروەها جیاوازیمان لەسەر ئەو میکانیزمانە هەیە کە دەمانەوێت پرۆسەکەی پێ بەڕێوە ببەین، بۆیە ئومێد دەکەین ئەوەی ئەمڕۆ نەمانتوانی لەسەری ڕێککەوین، لیژنەی باڵای دانووستانەکان بتوانێت لەسەری ڕێک بکەوێت."
تاوەکوو ئێستا پارتی و یەکێتی چوار جار بۆ گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەت کۆبوونەوەتەوە، دوایین کۆبوونەوەش ڕۆژی سێشەممە، 21ی1ی2025، لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر کرا.
پارتى دیموکراتى کوردستان، 39 کورسى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستانى بەدەستهێناوە و یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان 23 کورسى بەدەستهێناوە، هەردوولاش شاندى دانوستانکاریان پێکهێناوە و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانى دیکەش کۆبوونەتەوە.