خێزان میهرەبانترین باوەشە بۆتاک و یەکەمین
بناغەیەی منداڵە بۆ بونیادنانی کەسایەتی
کەتێیدا دەتوانیت هەست بەئاسودەیی و ئارامی بکات هەمیشە رەفتارەکانی دایک و باوک دەبنه خالێکی جەوهەری لەلای منداڵ.
ژینگەی دروستی خێزانی هۆکارێکی گرینگ و کاریگەرە بۆ بونیادی کەسایەتیێکی جوان و بەهێز وە بەپێچەوانەشەوە، هەموودایک و باوکێک حەز بەوە دەکات منداڵێکی ژیر و دوستی هەبێت لەرووی رەفتار و گوفتارەوە تاکێکی بێ کێشەو ئارام بێت.
.بەڵام زۆر جار وانابێت ئایا هۆکارەکەی دەبێت چی بێت خودی منداڵەکە یاخود پەروەردەی؟
ئایا تۆی دایک و باوک هیچ کات درکت بەوە کردوە کە منداڵەکەت شەڕانگێزە؟ لەم کاتەدا هەست بەشانازی دەکەیت یاخود بیر لەهۆکار و چارەسەری دەکەیتەوە؟
هیچ کات بیرت لەوە کردۆتەوە کە چۆن ئەو منداڵە لەرووی هزرییە پێبگەیەنیت؟
بێگومان شەرانگێزی هەستکردنە بەنەبوونی ئارامی و بەتاڵکردنەوەی گرێ دەروونییەکانە بەشوەی جیا جیا هەندێجار بە جنێوادان و هەندێ جاری تریش بەشێوەی پەلاماردان و ستەم کردنە.
کۆمەڵێک نیشانە و هۆکار هەیە بۆئەوەی منداڵ شەڕانگێز بێت.
• نەبوونی سیستەمێکی گونجاوی پەروەدەیی لەناو خێزاندا.
• دابین نەکردنی پێویسەییە جەستەیی و دەروونییەکانی
• بگرە و بەردەی هاودژییەکانی دایک و باوک لەبارەی پەروەدەی منداڵەکەدا
•چاوچنۆکی منداڵ بەرامبەر کەسانی دیکە
•پابەند نەبوون بەمافی کەسانی دیکە.
زۆر جار خێزان و پەروەردەکار خۆی خودی هۆکارەکەیە جایان ئەوەتا بێ ئاگایە یان وا خۆی دەرەخات کە ئاگادار نیە بەلام خراپتریتیان بەئاشکرا منداڵەکەی ئاراستەی شەرانگێزی دەکات کە بەداخەوه لەئیستادا دایک و باوکان ڕەنگە هەست بە مەترسی و لێکەوتەی خراپی ئەو جۆرە رەفتارەی منداڵەکانیان نەکەن بەلام لەداهاتوو مرۆڤێکی بێ ئارام و خۆپەرست و دڵ رەقی لێ دروستەبێت.
ئەوە گومانی تێدانیە کە لە زۆرێک لەناوەندەکانی فێربوون هەر لەباخچەوە تا دواقۆناغی ئامادەیی هیچ مامۆستایەک بە شێوەیەکی شەرانگێزی خوێندکار ئاراستە ناکات بەلکو هەوڵدەدات ئەو خوێندکارەی شەرانگێزە بە پەروەردەیەکی جوان بیخاتەوە سەر رێگای دروست، ساڵانی رابردوو رێژەی ئەو خوێنکارانەی شەرانگێز بوون کەم بوو به بەراورد بە ئێستاکە ئەوکات دەتوانرا بەراوێژی خێزانی ئەو بابەتە چارەسەر بکرێت
بەڵام ئەی ئەگەر خێزان خۆی هۆکار و پاڵنەر و ئاراستەکاری ئەوکارەبێت کێ چارەسەری ئەو بابەتەی پێدەکرێت؟
نمونەی زیندوومان لەئیستادا زۆرە چونکە بەشێک لە دایک و باوکان دەیانەوێت لەرێگەی هێز و ستەم و خۆسەپاندن منداڵەکانیان بکەن بە پەڵەوانی گۆڕەپان، لەبری ئەوەی تۆی هاوکاری و ئارامی و پێکەوە ژیان و خۆگونجاندن و رێز و خۆشەویستی لەگیانی منداڵەکەی بچێنێت و فێری مرۆڤبوونی بکات، بەپێچەوانەوه دەبێتە هۆکار بۆ پاڵنانی منداڵ بۆ قبوڵ نەکردن خۆسەپاندن و بەگژداچونەوەی ئەم و ئەودا.
چارەسەری شەرانگێزی
•ناسین و دەستنیشانکردنی هۆکاری سەرەکی شەرەنگێزی
•بەژیرانە رەفتار و مەمەڵەکردن لەگەڵ منداڵ
•راهێنانی منداڵ لەسەر ئارامی و راستکردنەوەی تووڕەی منداڵ.
•ئاراستەکردنی منداڵ بەرەو پاراستنی مافی کەسانی دیکە و لەبەرچاوگرتنی دادپەورەری.
•خۆبەدورگرتنی شەری ناو خێزان لەبەر چاوی منداڵ
•راهێنانی منداڵ لەسەر لێبوردەیی و هاوکاری کەسانی تر
•هاندانی منداڵ بۆ رەفتارە جوان و پەسندەکانی
•خۆدوورخستنەوە لە توندوتیژی و خۆسەپاندن لەماڵەوە
•پێشەنگ بوونێکی چاکی دایک و باوک بۆ منداڵ
•هاننەدانی منداڵ بۆ خۆسەپاندن و تووندو تیژی
•ئاراستەکردنی منداڵ بۆ کاری بەکۆمەڵ.
نوسینی : هاوژین عەبدولواحید