دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 23 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەزموونکردن لەگەڵ گەورە عاقڵەکاندا

هێمن مەحمود

یەکەم ساڵ کە ڕۆیشتمە زانکۆ لە هەولێر 28 ساڵێک پێش ئێستابوو. دە ڕۆژی سەرەتایی بەشەناوخۆیی بەبۆنەی ناسراوێکی خۆمەوە ڕۆیشتمە ژوورەکەی ئەوانەوە تاوەکو شوێنێک پەیدا دەبوو.

خۆیان چوار کەسبوون، دوانیان لە بەشی سیاسەت و دوانەکەی دیکەیان برابوون لە بەشی یاسا بوون، هەرچواریان یەک دوو ساڵ سێ ساڵێک لەپێشی منەوەبوون.
بەشی ناوخۆیی ئەوکات وەک ئێستای ڤی ئای پی نەبوو. ژوورەکەیان بەڕووتوقوتی دەداپێت، ئیدی جێگا و ڕاخەر و سۆپا و موبەریدە و پانکە لەسەر خۆت بوو.
ژوورەکە چوار قەڕەوێڵەی تێدابوو.منیش لەسەر زەوییەکە جێگایەکم بۆ خۆم کردەوە و بوومە ساحێب ماڵ.

یادیان بەخێر ئێستا ئەو چوار هاوڕێیە ئەوکات یەکەمی بەشەکانی خۆیان بوون و ئێستاشهەمویان کەسانی ئەکادیمی بەرزن و لەزانکۆکان وانە دەڵێنەوە.

من چونکە یەکەمجاربوو بڕۆمە ناو خەڵکانێکی جیاوازتر و لەخۆم گەورەتر چ لەڕووی تەمەن و چ لەڕووی عەقڵیشەوە دنیایەکی تازەبوو.

ڕاستییەکەی منیش بۆ ئەوەی شوێن دەستێکم هەبێ هەرچەندە میوانیشبووم بەڵام بوومە هاوبەشی حساباتیان و وەکو ئەوان و هەندیجار زیاتریش چونکە سەعیم نەبوو چوومە جەدوەلی ئیشیانەوە.

شەوان من سەعیم نەبوو تازەبووم، بەڵام ئەوان زۆربەی کات سەعیان دەکرد، هەرچەندە دوو ئایدیای جیاوازیشان هەبوو هەرچواریان بەڵام زۆر ڕێزی یەکتریان دەگرت.

جاروباریش دەبوو بە موناقەشە و گەرمی بابەتی سیاسی ئەو سەردەمە.

هەرچواریان ڕۆشنبیر و خوێندەواربوون، عەرەبیزانێکی باش و خوێنەرێکی جدی بوارە جیاوازەکان بوون.

منیش زۆربەی کات بەخوێندنەوەوە شەوەکانم بەڕێدەکرد و هەندێجاریش گوێم لێدەگرتن، جاروباریش لەسەعیم دەکردن.

ڕاستییەکەی ئەو ئەزموونە، ئەو چوونەناو خەڵکانی گەورە، ئەو ڕێز و پێکەوەژیان و برایەتییە، ئەو ئەخلاقە بەرزەی هاوڕێیەتی و یەکترگونجاندنە کە لەماوەی ئەو دە ڕۆژەدا لەو چوار هاوڕێیەم بینی زۆر دەگمەن و ناوازەبوو، بۆ ساڵەهای دواتر من سودیکی زۆرم لێبینی و بەقەدەر قوتابخانەیەک فێربووم لێیانەوە. هەر یەک دوو ڕۆژێکی قورسبوو، ئیدی ئەوەندە تێکەڵاویان بووم کاتێکیش شوێنەکەم گواستەوە زۆر بە نابەدڵی بەڕێیانکردم و خوازیاربوون بمێنمەوە.

چوونە ناو گەوران و ژیانکردن لەگەڵ کەسانی گەورەدا(زیاتر لە ڕووه عەقڵییەکەیەوە) چێژێکی نەبڕاوە و سوودێکی زۆری بۆ مرۆڤ هەیە. بۆ من هێندە کاریگەربوو، بڕوابکەن چوار ساڵی دواتری زانکۆ، دواتریش شەش مانگی کەمپیش لەگەڵ کەسانێکدا ژیام ئێستاش ڕۆژێک بێتاقەتییەک، ناخۆشییەک، دڵ عاجزبوونێک ئەگەر ڕوویدابێت چەند کاتژمێرێکی نەخایاندووە
جا بۆیە ئەم حیکایەتەم گێڕایەوە تا بڵێم ئەزموونکردن لەگەڵ گەورە عاقڵەکاندا هەمیشە سوود بەخشە و وانە و بەهای نوێ فێردەبیت لەژیاندا و وادەکا هەم هۆشیاریت بەرزبێتەوەو هەم بیرکردنەوەشت باشتر و جیاوازتربێ.

بێگومان خەڵکانێکیش هەن مرۆڤ هیواخوازدەبوو نەیناسیبایەن بەڵام ئیتر ژیانیش هەموو شتێکی تێدەکەوێت.

وەک دەڵێن گرنگ ئەوەیە ناسینی هەر کەسێک وانەیەکە بۆ خۆی...یان فێرتدەکا یان عاقڵت دەکا..!

یادی د.ئەنوەر و د.کەنعان و د.سامان و د.سیروان بەخێر.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP