هەرێم نیوز
کۆبوونەوەكانی شاندی هەرێم لەگەڵ شاندی دارایی عێراق کە ماوەی چەند ڕۆژێکە لە بەغداد بەردەوامیان هەیە بۆ ئەمڕۆ دووشەممە بەردەوامی دەبێت.
بە گوێرەی زانیاریەکان، بڕیارە لە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆدا پرسی مووچەی مانگی 12ی ساڵی ڕابردوو بخرێتە بەر باس و گفتوگۆوە، بەڵام هێشتا دیار نییە چ بڕیارێکی لە بارەوە دەدرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە شەوی ڕابردوو، فازڵ نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق دەربارەی مووچەی مانگی 12ی 2024ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی نییە، بەڵام زانیاری حکومەتی عێراقم هەیە کە ئەو بابەتە لەبیربکەن، چونکە ئەو بابەتە لە بەغداد داخراوە و یەک دیناریش بۆ مووچەی مانگی 12 نانێرێت و ئامادەش نییە قسەی لەسەر بکات.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو شاندی هەرێمی كوردستان گەیشتە بەغدا، شاندەكە بە سەرۆكایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامێتیی د. ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، د. ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و د. عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگییە.
لە دوای نیوەڕۆی رۆژی هەینی بە سەرپەرشتی د. فوئاد حوسێن جێگری سەرۆك وەزیران و سەرۆكی ئەنجوومەنی ئابووری عێراق، كۆبوونەوەی هاوبەشی شاندی هەرێمی كوردستان و شاندی وەزارەتی دارایی عێراق بە ئامادەبوونی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بەڕێوەچوو.
لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، شاندی تەكنیكی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان چەند كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ شاندی تەكنیكی وەزارەتی دارایی عێراق سەبارەت بە پرسی بودجە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ئەنجامداوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری كۆبوونەوەكان لە بەغدا لە كەشێكی ئەرێنیدا ئەنجامدراون و لێكتێگەیشتنی باش سەبارەت بە پرسی بودجە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2025 لەنێوان هەردوولا كراوە.
لای خۆشییەوە پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوێنێ یەكشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: بەشێوەیەكی گشتی كۆبوونەوەكانی شاندی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی عێراق جێگەی دڵخۆشین و تا ئێستا لێكتێگەیشتنی باش لەنێوان هەردوولا كراوە.
راشیگەیاند، بڕیارە لەم یەك دوو رۆژەی داهاتوو وەزارەتی دارایی فیدڕالی پارەی مووچەی مانگی یەكی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بنێرێت، لە كاتی ناردنی پارەكەش لە هەرێمی كوردستان راستەوخۆ دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت.
جەختیشی كردەوە كە رێككەوتنەكان لەنێوان شاندی هەرێم و وەزارەتی دارایی فیدڕال تەنیا بۆ یەك مانگ نییە، بەڵكو بۆ تەواوی مووچەكانی ساڵی 2025ـە.