دواین هەواڵ

ئابوری‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

پەرلەمانتارێک: شاندی هەرێم و بەغدا ڕێککەوتن کە نابێت چی دیکە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دوا بکەوێت

هەرێم نیوز 

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق  ڕایدەگەیەنێت، ئەنجامی كۆبوونەوەی شاندە تەكنیكییەكانی حكوومەتی هەرێم و بەغدا ئەنجامی زۆر باش بوون و هەردوو تیم لەسەر زۆرینەی پرسەکان گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، دەشڵێت، جەخت لەوەش کراوەتەوە کە نابێت چی دیکە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دوا بکەوێت. 

شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "كەمێك پێش ئێستا، كۆبوونەوەی شاندە تەكنیكییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق لەبارەی مووچە كۆتایی هات، ئەنجامی کۆبوونەوەکان زۆر باش بوون و هەردوو تیم لەسەر زۆرینەی پرسەکان گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و شاندی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان هەموو مەرج و تێبینییەکانی شاندی وەزارەتی دارایی عێراقی چارە کردووە."

ئاماژەی بەوەش کردووە، "دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکان، چاوەڕێ دەکرێت هەر ئەمڕۆ هەردوو تیم سەردانی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق بکەن بۆ ئەوەی واژۆ لەسەر ئەو ڕاسپاردانە بکرێت کە لەسەری ڕێک کەوتوون."

باسی لەوەش کردووە، "مووچەی مانگەکانی داهاتووی ئەم ساڵی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر بنەمای ئەو لیستەی مووچە دەبێت کە شاندی هەردوولا لەسەری ڕێک کەوتوون، جەخت لەوەش کراوەتەوە کە نابێت چی دیکە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دوا بکەوێت."

ماوەی چەند ڕۆژێکە شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە و بەردەوامن لە کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی حکوومەتی عێراق و وەزارەتی دارایی فیدراڵی، کار بۆ چارەکردنی کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم دەکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP