دواین هەواڵ

ئابوری‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

وەزارەتی دارایی: رۆژی سێشەممە موچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەش دەکرێت

هەرێم نیوز 

وەزارەتی دارایی رایگەیاند، ڕۆژی سێ شەممەی داهاتوو مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەش دەکرێت.  

ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ڕۆژی سێ شەممە  ( ١١ ی شوباتی ٢٠٢٥ ) مووچەی مانگی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٥، مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت، کە تەمویلەکەیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە، تیمی “هەژماری من” رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، مووچەی مانگی یەک بە شێوازی دیجیتاڵی لە ڕێگەی “هەژماری من”، لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێ. 

ڕوونیشیکردەوە، کە مووچەکان لە کاتژمێر 8ی بەیانی دەچێتە سەر هەژماری بانکی مووچەخۆران، بۆ مووچەی مانگی یەک 275 هەزار مووچەخۆر لەو ڕێگەیەوە مووچەکانیان دابەش دەکرێت، بە جۆرێک 216 هەزار و 500 کەس لە فەرمانبەری مەدەنی و 56 هەزار و 700 پێشمەرگە لە ڕێگەی زیاتر لە 550 ئامێری ڕاکێشانی پارە لە زیاتر لە 200 شوێنی جیاواز دەتوانن مووچەی مانگی یەک وەربگرن.

ئەوەشی خستەڕوو کە تاوەکوو ئێستا لە کۆی یەک ملیۆن مووچەخۆر 720 هەزاریان لە پڕۆژەی “هەژماری من” تۆمارکراون و 370 هەزار کارتی بانکیش دابەشکراوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە،  رۆژی سێشەممە 4ی 2ی 2025 وەزارەتی دارایی هەرێم دابەشکردنی مووچەی مانگـی یەکی ئەمساڵی راگەیاند و وتی، ڕۆژی چوارشەممە ٥ ی شوباتی ٢٠٢٥، دابەشکردنی مووچە بە خانەنشینانی شارستانی دەست پێ دەکات و ڕۆژی دووشەممە ١٠ ی شوباتی ٢٠٢٥، دابەشکردنی مووچە کۆتایی دێت. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP