دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع ئاشکرا دەکرێت

هەرێم نیوز

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند" لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری قۆناغی راگوزەری سووریا لە دیمەشق تاوتوێی چەند پرسێکیان کردووە و سەبارەت بە سیستمی سیاسیی سووریا و هەسەدە بۆچوونی جیاوازیان هەبووە".

مەزڵوم عەبدی چەند نهێنییەکی لەبارەی دیدارەکەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع خستەڕوو، و دەڵێت” لە پرسە گشتییەکاندا بۆچوونمان وەکو یەک بوو، ئێمەش دەمانەوێت سووریا یەکپارچە بێت و لەگەڵ دابەشکردنی سووریادا نین، بەڵام سەبارەت بە سیستمی سیاسیی سووریا بۆچوونمان جیاواز بوو، ئێمە دەمانەوێت سووریا لامەرکەزی بێت، بەڵام ئەحمەد شەرع سووریایەکی مەرکەزیی دەوێت".

لەبارەی تێکەڵکردنی هەسەدە لەگەڵ سوپای نیشتمانیی سووریا، مەزڵوم عەبدی رایگەیاند" ئەحمەد شەرع دەیەوێت ئەو پرۆسەیە بە زوویی ئەنجامبدرێت، بەڵام ئێمە پێمانوایە ئەو پرۆسەیە کاتی زیاتری دەوێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا هەماهەنگی ئەمنیی لەنێوان هەردوولاماندا هەیە بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی شەڕ، ئەمریکا و فەڕەنسا و چەند وڵاتێکی دیکەش نێوەندگیری لەنێوان ئێمە و دەسەڵاتی نوێی سووریادا دەکەن، هەمووان دەیانەوێت کێشەکان بە دانوستان چارەسەربکرێن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP