هەرێم نیوز
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی دووەم ڕۆژی کارەکانی لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان لە دوبەی رایگەیاند، سوودمان لە ئەزموونی ئەو وڵاتانە وەرگرتووە کە هەمان ڕێچکەیان گرتووەتەبەر، لە نێویاندا ئیمارات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 12-02-2025،، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی (دوبەی تیڤی)ـی ئیماراتی کرد، باسی لە گرنگی لووتکەکە، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات، دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و چەندان پرسی دیکە کرد و رایگەیاند، ئێمە سوودمان لە ئەزموونی ئەو وڵاتانە وەرگرتووە کە هەمان ڕێچکەیان گرتووەتەبەر، لە نێویاندا ئیمارات، کە ئەزموونێکی باشی هەبووە لە چەند ساڵی ڕابردوودا، ئەمەش بۆ ئێمە بایەخێکی زۆری هەبووە بۆ ئەوەی بزانین چۆن بتوانین هەماهەنگ بین و بتوانین سوود لە دەرفەتەکان وەربگرین و لەگەڵ خاوەن بەرژەوەندییەکان گفتوگۆ بکەین و بگەینە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەوانەی بەلایانەوە گرنگە و دەیانەوێت وەبەرهێنان لە کەرتەکانی پیشەسازیدا بکەن."
مەسرور بارزانی دووپاتیشی کردەوە "ئەوەی ئێمە پێویستمان لە ماوەیەکی کورتدا جێبەجێ بکەین، ئەوەیە لەگەڵ سەرجەم سەرکردە سیاسییەکان و خاوەنکار و خاوەن کۆمپانیا و سەرجەم لایەنە پەیوەندییەکان ڕێک بکەوین و باشترین بیرۆکەکانی چارەسەر وەربگرین."
لە بارەی پلانی بەکارهێنانی تەکنەلۆجیاکانی لە کاروباری حکوومەت، وەک وەزەی نوێ بووە و ژیری دەستکرد، مەسرور بارزانی وتی: ئێمە کارمان کردووە بۆ ئابووری و وەبەرهێنانەکانمان هەمەچەشن بکەین، وزە یەکێکە لە سێکتەرەکان و لەسەر پەرەپێدانی وزەی نوێ بووەوەش لە هەرێمەکەمان مکوڕین، چونکە ناوچەکە پێویستیە بە بڕێک وزە هەیە، جا کارەبا یان ئیدارەدانی سەرچاوەکانی ئاو بێت، یان چۆنێتی بەکارهێنانی سەرچاوە دەگمەنە کانزاییەکانی ناوچەکە بێت.
سەرەڕای ئەمانە، کەرتەکانی دیکەش هەن لەوانە گەشتوگوزار یان بنیادنانەوەی ژێرخان بێت، ئەمەش پێویستی بە بنیادنانەوەی ژێرخانی کەرتەکانی دیکە دەبێت، لەوانە ژێرخانی تەندروستی، پەروەردە و فێرکردن، ئەم بوارانە هەموویان پێویستیان بە وەبەرهێنان هەیە و هەوڵیشمانداوە لەم کەرتانە وەبەرهێنان بکەین.
سەرۆکی حکومەت وتیشی: لەم کەرت و بوارانەدا وەبەرهێنانمان کردووە و سەرکەوتنیشمان بە دەستهێناوە و بەردەوامیش دەبین، چونکە خواستمان لەسەر ئەوەیە لەم سەرکەوتنەی بە دەستمان هێناوە زیاتر بە دەست بێنین، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە تەکنەلۆجیاوە هەیە، ئەمەیان بابەتێکی دیکەیە و هەوڵمانداوە بە گوێرەی توانا لە کەرتی گشتی و تایبەتدا پەرەی پێ بدەین و دەشمانەوێت بۆ زیاتر پەرەپێدانی ئەم بوارە سوود لە ئەزموونی خەڵکی دیکە وەربگرین.
سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، سەرۆکی حکومەت وتی: ئێمە لە هەرێمی کوردستان توانیومانە غازی بەهەدەر بوو وەربگرین و کارەبا لێ بەرهەم بهێنین، جیا لەمەش زۆر بواری دیکە هەیە لەگەڵ کۆمپانیاکان کاریان لەسەر دەکەین بۆ ئەوەی دەرفەتی وەبەرهێنانیان تێدا بڕەخسێنین، هەروەها هەوڵمانداوە سوود لە وزەی خۆر و بەنداوەکان وەربگرین لە پاڵ پاراستنی ژینگە کارەبایان لێ بەرهەم بێنین و لە کەرتی کشتووکاڵدا سوودیان لێوەرگرین.
لە وەڵامی ئەوەی لە دەیەی داهاتوودا کوردستان چۆن دەبینت، بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: من کوردستان وەها دەبینم کە ناوێکی نوێ دەبێت لەسەر نەخشەی وڵاتە پێشکەوتووەکان، بۆ ئەمەش پێویستیمان بە هاوکاری هەموو دۆستەکانمان هەیە بۆ ئەوەی سەرکەوتنی زیاتر بە دەست بهێنین، چونکە کوردستان شوێنێکی سەقامگیر و پارێزراوە بۆ هەموو ئەوانەی دەیانەوێت سەردانی بکەن، ئەمیش بەهۆی ئەو پێشکەوتن و سەقامگیرییەی هەیەتی.