دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

شێخ جەعفەر: گرفتەكان پەیوەست نین تەنها بە كابینەی نۆ و حكومەتی هەرێمەوە

هەرێم نیوز

جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، "بەدەستی خۆمان، هەمو شتەكانمان خستە ژێر دەستی بەغداوە، هەمو ئەو كێشانەی كە هەمانبو دەمانتوانی زۆر بەئاسانی لەسەر مێزی دانیشتن و گفتوگۆ چارەسەریان بكەین" ، دەشڵێت، "گرفتەكان پەیوەست نین تەنها بە كابینەی نۆ و حكومەتی هەرێمەوە". 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ی 2ی 2025، جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی، ڕایگەیاند، "لە ماوەی رابردودا بۆشاییەكی یاسایی لە هەرێمی كوردستاندا دروستببو، پەرلەمان نەمابو، حكومەتی كاربەڕێكەرمان هەبو، بەڵام بە هەوڵی هەمولایەك هەڵبژاردنێكی سەركەوتو كرا، ئێستاش گفتوگۆ لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتە و بۆ ئەو مەبەستەش نیەتێكی باش هەیە".

ئاماژەی بەوەشداوە، لیژنەی هاوبەش لەنێوان یەكێتی و پارتی پێكهێنراوە و ئەو لیژنانەش چەند كۆبونەوەیەكیان كردوە، بەپێی زانیارییەكانی ئەو هەڤاڵانەش كە لە لیژنەكاندان، لیژنەی هاوبەش كاری خۆی تەواوكردوە و ماوەتەوە سەر ئەوەی شاندی باڵای دانوستانكار كۆببنەوە و بڕیار لەسەر ئەو پرسە بدەن.

جێگری سەرۆکی هەرێم وتیشی: ئومێدم هەیە بگەینە دەرئەنجامێكی باش، چونكە خواستی خەڵكیشە و خەڵك چاوەڕێی خزمەتی زیاترە لە حكومەتی هەرێم، پێویستە حكومەتی هەرێمیش هەوڵی جددی بدات بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكان، لەسەرو هەمویانەوە پرسی موچە و پەرەپێدانی كاروانی ئاوەدانكردنەوە و خزمەتگوزاریی".

شێخ چەعفەر باسی لە کابینەی داهتوو کردو وتی: "پێویستە كابینەی 10یەم پێش هەمو شتێك ئەو كەموكوڕییانە دەستنیشان بكات كە لە كابینەی نۆیەم و كابینەكانی پێشودا هەبوە، چارەسەری پێویستیان بكات، پێموایە هەمو گرفتەكان پەیوەست نین تەنها بە كابینەی نۆ و حكومەتی هەرێمەوە، بەڵكو بەشێك لەو كەموكوڕی و گرفتانە، پەیوەستن بە حكومەتی عیراقیشەوە، بەڵام پێویستە كابینەی 10یەمی حكومەتی هەرێم ئەولەویەت بدات بە ژیان و گوزەران و پێویستییەكانی خەڵك،  ئاشتكردنەوە و رازیكردنی خەڵك و پەرەپێدانی كاروانی ئاوەدانی و خزمەتگوزاریی".

ئەوەشی خستەڕو، "ئێمە بەدەستی خۆمان، هەمو شتەكانمان خستە ژێر دەستی بەغداوە، هەمو ئەو كێشانەی لەناوخۆی هەرێمدا هەمانبو، دەمانتوانی زۆر بەئاسانی لەسەر مێزی دانیشتن و گفتوگۆ چارەسەریان بكەین، دەمانتوانی خزمەتی زیاتری خەڵك بكەین و ناڕەزایی خەڵك نەگاتە ئەو ئاستەی ئێستا، بۆیە پێویستە پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەرێم پەیوەندییەكی ئاسایی بن و نابێت بەهیچ جۆرێك كۆمەڵانی خەڵك باجی ململانێكانی نێوان هەردولا بدەن".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP