دواین هەواڵ

کوردستان‌

 21 کاتژمێر پێش ئێستا

عارف ڕوشدی: ئەو دەسەڵاتەی لە بەغداد حوکمڕانە نەیتوانیوە خۆی لە تاکڕەوی ڕزگار بکات

هەرێم نیوز

لقی ٦ی ئەوروپای پارتی، سیمینارێکی بۆ عارف ڕۆشدی، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەژێر ناوی "دۆخی هەنووکەیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان" سازکرد. لە سیمینارەکەدا تیشکی خستە سەر ڕووداوەکانی ناوچەکە و سووریا و گوتی "ئەو دەستپێشخەرییەی بارزانی بۆ کوردانی سووریا پاڵپشتیی نێودەوڵەتی وەرگرت". 

عارف ڕۆشدی، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە سیمینارێکدا کە لققی شەشی ئەوروپای حزبەکەی بۆی سازکردبوو، تیشکی خستووەتەسەر کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد.

لەو بارەوە باسی لەوەکردووە: “ئێمە بەشێکین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دابەشکراوین، وەک نیشتمان و وەک نەتەوە بە بەردەوامی لە هەموو بەشەکانی کوردستان چەوسێنراوینەتەو، ڕاستە ئێمە لە بەشێکی کوردستان سەربەخۆییمان هەیە و خاوەنی کیان و حکومەتی خۆمانین، بەڵام ئەو دەسەڵاتەی لە ناوەند لە بەغدا حوکمڕانە، نەیتوانیوە خۆی لە خۆپەرستی و تاکڕەوی ڕزگار بکات”.

باسی لەوەشکردووە: “ئێمە زۆر هەوڵمان داوە لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە بگەینە چارەسەر و نەرمیی زۆرمان بەرامبەریان نواندووە بۆ چارەسەری کێشەکان، بەڵام بەداخەوە بێ ئەنجام بووە و گەیشتووەتە ئاستێک کێشەکان یاری بە هەموو پیرۆزییەکانی کوردستان دەکەن”.

ئەوەشی وتووە: بەداخەوە لە کوردستان بزووتنەوەیەکی پۆپۆلیستی هەیە، ملکەچ یان لادەر پەیدا بوون و هەندێ قەڵەم بەدەستی بەناو ڕۆشنبیریان تیادایە ئاو دەکەنە ئاشی ئەو چەوساندنەوەیەی لە دژی کوردستان دەکرێت لە بەغداد.

دەشڵێت: “ئەو بڕیارانەی کە لە بەغدا دەردەچن، بە تایبەتی لە دادگای فیدراڵی، ئەگەر پاڵپشتی و دەستخۆشیی ئەو لایەنانە نەبێت، عێراق ناتوانێت وا بە ئاسانی ستەممان لێ بکات، پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو هێزێکی ڕەسەنی کوردایەتی، توانا و ئامادەییەکی زۆر باشی هەیە لە ڕاگرتنی پارسەنگەکان، چ لە لایەن هەرێم و چ لە لایەن عێراقەوە”.

عارف ڕۆشدی دەشڵێت "سیاسەتی پارتی، سیاسەتێکی نیشتمانییە، ئەگەر لە من بپرسن پارتی حزبە، من دەڵێم پارتی لە حزب فراوانترە، چونکە پارتی بزووتنەوەیەکی سیاسیی میللی دیموکراتە و خاوەن پڕۆژەیەکی نیشتمانی.نەتەوەییە، لەبەر ئەوەش نەک تەنیا لە باشوور، بەڵکو لە هەموو پارچەکانی دیش لە کۆتاییدا دەگەڕێنەوە لای بارزانی، ئێستا لە سووریا ئاڵەنگارییەکان دوو بەرانبەر بوونەتەوە و تورکیا باڵادەستە و کارەکتەری سەرەکییە لە گۆڕەپانەکەدا، ڕاستە ئێستا پشتیوانییەکی نێودەوڵەتی لە سووریا بۆ کورد هەیە بەڵام هێشتا نەگوازراوەتەوە بۆ مەیدانی سیاسی و پاراستنی مافەکان، زیاتر پێداگرن کە ئەم هێزانە شەڕکەری باشن". 

لە کۆتایی سیمینارەکەدا عارف ڕۆشدی گوتی "ئەم ماوەیە لەسەر کێشەی کورد لە سووریا زۆر لایەن هاتنە سەر خەت، دواجار دیدارێک جەنابی بارزانی بۆ مەزڵوم عەبدی ڕێکخرا، ئەو دەستپێشخەرییەی بارزانی پاڵپشتیی نێودەوڵەتی وەرگرت وەک وڵاتە زلهێزەکان، ئەگەر لە ڕۆژئاوای کوردستان بیانەوێت ئەم دەرفەتە لەدەست نەدەن، پێویستە پابەندی رێنماییەکانی جەنابی بارزانی بن". 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP