هەرێم نیوز
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، فەرمانی راگرتنی سەرجەم هاوکارییە دەرەکییەکانی دەرکردووە، جگە لەو هاوکارییانەی لە بودجەی وڵاتەکەدا بۆ ئیسرائیل و میسر تەرخانکراون.
بە گوێرەی یاداشتێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نابێت هیچ بودجەیەکی هاوکاریی نوێ، بۆ هیچ لایەنێک دیاریبکرێت یان درێژبکرێتەوە، ئەوەش خراوەتەڕوو، کە نابێت هیچ جۆرە بودجەیەکی هاوکاری پێداچوونەوەی بۆ بکرێت و پەسەند بکرێت، ئەمەش بەگوێرەی کارنامەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.
ئەوەش خراوەتەڕوو، کە فەرمانەکە یارمەتییە خۆراکییە فریاگوزارییەکان و هاوکارییەکانی ئیسرائیل و میسر ناگرێتەوە، کە زۆرترین هاوکاریی سەربازییان لەلایەن ئەمریکاوە پێدەگات.
بەڵام باس لەوە نەکراوە، کە هاوکارییەکان ئۆکرانیا نەگرێتەوە، ئەمەش بەو مانایە دێت کە هاوکارییەکانی ئۆکرانیاش کۆتاییان دێت.
ئەم یاداشتەش درێژکراوەی فەرمانێکی جێبەجێکردنە، کە لە رۆژی دەستبەکاربوونیدا، دۆناڵد ترەمپ دەریکردووە، تێیدا فەرمانی کردووە بە راگرتنی هاوکارییە دەرەکییەکانی ئەمریکا بۆ ماوەی 90 رۆژ.
لە یاداشتەکەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئیدارەی نوێ جارێکی دیکە هەڵسەنگاندن بۆ فەرمانی راگرتنی هاوکارییە دەرەکییەکان ناکات و ئەو هاوکارییانە لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی سەرۆک ترەمپدا یەکناگرنەوە.