دواین هەواڵ

کوردستان‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

هاوڵاتیەک بەهۆی فێڵکردنی پەیجێکی ئۆنلاینەوە بڕی پێنج هەزار دۆلاری لێدزرا

هەرێم نیوز
پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، “هاوڵاتیەک لە ڕێگەی پەیجی ئۆنلاینەوە کە داوای موبایلی کردبوو بڕی پێنج هەزار دۆلاری پێشەکی دابوو بەڵام فێڵی لێکرا”.

 ئەمشەو، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند: “دوای ئەوەی هاووڵاتییەک سکاڵای تۆمار کرد، کەوا لە ڕێگەی پەیجی ئۆنڵاینەوە داوای پێنج مۆبایلی جۆری ئایفۆنی کردووە بە بڕی (پێنج هەزار دۆلار) کە کۆی پارەکەشی ڕادەست کردووە، بەڵام لە کاتی وەرگرتنی داواکارییەکەی بە دیلیڤەری، لەجیاتی مۆبایل، کلێنکس و کۆمەڵێک کاغەزی تێدا بووە و فێڵی لێ کراوە”.

جەختی لەوەشکردەوە: “بۆیە تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر توانیمان لە ماوەیەکی کەمدا شوێنی تۆمەتبار بەناوی (م أ م) بدۆزینەوە و دەستگیری بکەین”.

ئەوەشی خستەڕوو: “تۆمەتبار لە کاتی ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و دراوەتە دادگا”.

پۆلسی هەولێر داوا لە هاوڵاتیان دەکات لە کاتی مامەڵە و کڕینی کاڵا و کەلوپەل بە شێوەی ئۆنڵاین، هۆشیار بن، بۆ ئەوەی فێڵیان لێ نەکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP