دواین هەواڵ

عێراق‌

 16 کاتژمێر پێش ئێستا

سودانى: لەگەڵ بەریتانیا گفتوگۆ لەسەر پرسی پەنابەران دەکەین

هەرێم نیوز

محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە بەریتانیایە، جگە لە واژۆکردنى رێککەوتنێکى هاوبەشیی ستراتیجی، گفتوگۆ لەسەر پرسی پەنابەرانیش دەکات.

سەرۆکوەزیرانى عێراق لەناو فڕۆکەکەیەوە قسەى بۆ ئاژانسى فرانس پرێس کردووە و رایگەیاندووە، سەرەتایەکى نوێ بۆ پەیوەندییەکانى نێوان بەریتانیا و عێراق بەتایبەت پەیوەندى ئەمنیى دێتە کایەوە.

لەلایەکى دیکەوە، کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانى بەریتانیا، لە راگەیەندراوێکدا پێشوازیی لە هاریکاریی نێوان وڵاتەکەى و عێراق کرد و گوتى، ئەو هەماهەنگییە سوودى هاوبەشى بۆ هەردوولا لە بوارەکانى ئەمنیى و سەربازیی دەبێت.

سەرۆکوەزیرانى بەریتانیا راشیگەیاند، ساڵى رابردوو قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانیى نێوان بەریتانیا و عێراق گەیشتووەتە زیاتر لە 14.3 ملیار دۆلار.

هەر لەراگەیەندراوەکەى سەرۆکوەزیرانى بەریتانیادا هاتووە، ستارمەر و سودانی گفتوگۆ لەبارەى رێککەوتنى نوێ بۆ گەڕانەوەى پەنابەران دەکەن، بەگوێرەى ئەو بەرنامەیەى بەریتانیا لە مانگى تشرینى دووەمى ساڵى 2024 رایگەیاندووە، بەناوى بەرەنگاربوونەوەى کۆچى نایاسایی و پاراستنى سنوورەکانى.

پێش گەیشتنی سودانی بە لەندەن، ستارمەر لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە؛ ئەو رێککەوتنەی چاوەڕوانی ئەنجامدانیەتی، یارمەتیدەرە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەورەترین پرۆسەی بازرگانی بە مرۆڤ و کاری قاچاخچێتییەوە، سنورێکی ئارام ئامانج و بنەمای سەرەکیی پلانی وڵاتەکەیەتی.

بەپێی ئامارەکانی حکومەتی بەریتانیا، لە ساڵی 2023 عێراقییەکان لە ریزبەندی پێنجەمی ئەو هاوڵاتیا بیانییانە بوون کە بە بەلەمی بچوک لە فەرەنساوە گەیشتبونە بەریتانیا، ساڵی 2024 ریزبەندییەکەیان دابەزیووە بۆ حەوتەم.

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، گفتوگۆی چڕوپڕ لەسەر ئیمزاکردنی ئەو لێکتێگەیشتن و رێککەوتنە بکرێت، کە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو ئیڤیت کوبەر وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لە سەردانەکەی بۆ بەغداد گفتوگۆی لەسەر کرد و بناغەکەی داڕێژرا، ئەویش تەرخانکردنی بڕە پارەیەکە بەناوی هاوکارییەوە بۆ عێراق، بۆ یارمەتیدانی حکومەتی ئەو وڵاتە بۆ روبەڕوبوونەوەی بازرگانانی مرۆڤ و قاچاخچییەکان.

حکومەتی بەریتانیا دەیەوێت بە ئیمزاکردنی رێککەوتنی هاوبەشی و هەماهەنگی لە بوارەکانی وەبەرهێنان لەرێگەی کۆمپانیا بەریتانییەکان ئەوانەی لە عێراق کاردەکەن دەرفەتی کاری زیاتر لە عێراق دەستەبەر بکات، بەتایبەتی لە پرۆژەکانی ئاو، وزە، پەیوەندییەکان و گەیاندن، ژێرخانی بەرگریی.

ئەمەش لە کاتێکدایە، سەرۆکوەزیرانى عێراق دوێنێ 13ی 1ی 2025 گەیشتە بەریتانیا و ماوەى سێ رۆژ لەو وڵاتە دەمێنێتەوە، بڕیارە جگە لە دیدارە سیاسییەکانى، دیدارى بازرگانییشى هەبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP